لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی عێراق: هەر فەرمانبەرێك ڤاكسین وەرنەگرێت نابێت دەوام بكات

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانیی عێراق بڕیاری دا، ئەو فەرمانبەر و هاووڵاتیانەی ڤاكسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە، رێگەیان پێنەدرێت دەوام بكەن و سەردانی وەزارەت و فەرمانگە حكومییەكان بكەن.
 
رۆژی دووشەمە 12/4/2021 لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوەو بڕیاردرا ئەو هاووڵاتیانەی كارتی وەرگرتنی ڤاكسینیان نییە رێگەیان پێنەدرێت سەردانی ئەو فەرمانگە حكومیانە بكەن كە زۆر قەرەباڵخن و رۆژانە خەڵكێكی زۆر بۆ راییكردنی كارەكانیان سەردانیان دەكەن، لەوانە؛ فەرمانگەی خانەنشینی، بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ، پاسپۆرت، رەگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی و فەرمانگە قەرەباڵخەكانی دیكە. 
 
بەپێی راگەیێندراوی لیژنەکە 20ی ئەم مانگەوە نابێت رێگە بە دەوامكردنی ئەو فەرمانبەرانە بدرێت كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە. هەموو وەزارەتەكان و ئەو لایەنانەی سەر بە وەزارەتەكان و پارێزگاكان نین، بەرپرسیارن لە جێبەجێكردنی رێكارەكان و بەدواداچوونی فەرمانبەرانیان، "ئەو فەرمانبەرانەی سەرپێچی رێكار و فەرمانەكانیش دەكەن بە نەهاتوو هەژمار دەكرێن".
 
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق جەخت لە گرنگی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکاتەوە و دەڵێت، "کورتترین رێگەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە پرۆسەكەش زۆر باش بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا 152 هەزار و 962 کەس لە عێراق پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە".
 
لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا 932 هەزار و 899 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 820 هەزار و 532 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، 97 هەزار و 610  تووشبووش چارەسەر وەردەگرن،14 هەزار و 757  تووشبووش گیانیان لەدەست داوە.