وەزیری ناوخۆی عێراق: هەر ئەفسەر و پۆلیسێک ژنێکی بێ ئابڕوو بهێنت زیندانی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
لەمەودوا هەر ئەفسەر و پۆلیسێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، دەبێت نووسراوی پشتگیریی "بەئابڕوویی دەستگیرانەکەی" هەبێت.
رۆژی 9-3-2025، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانێکی وەزاری بە ژمارە 25387 واژۆکردووە، بەگوێرە فەرمانەکە هەر ئەفسەر و کارمەندێکی پۆلیس ئەگەر دەربکەوێت "ژنێکی بێ ئابڕووی هێناوە" بە زیندانیکردن سزادەدرێت.
فەرمانەکە بەڕێوەبەرایەتی و بەشە کارگێڕییەکان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی وەزارەتەکە پابەند دەکات، کە سەرجەم ئەفسەر و کارمەندەکانیان ئاگادار بکەنەوە، کە کاتێک ژن دەهێنن دەبێت لەسەر هەڵسوکەوتی ژنەکە رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کارمەندان و ئاژانسی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی وەزارەتەکە وەربگرن.
پێویستە ئەمانە نووسراوی پشتگیری بۆ هەر ئەفسەر و پۆلیسێک بکەن و بسەلمێت کە "ئەو ژنانە بەئابڕوون و کێشەیان نییە."
نووسراوی پشتگیرکردنەکە یەکێکە لە داواکارییە ئەمنییەکان، لە دۆسیەی کەسی ئەو کارمەندە دادەنرێت و لە راپۆتی هەڵسەنگاندنی هەڵسوکەوتی پیشەیی کاری وەزیفی پشتی پێدەبەسترێت.
بەگوێرەی فەرمانەکەی وەزیری ناوخۆی عێراق، بەڕێوەبەری ئاسایشی کارمەندان و ئاژانسی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتەکە، بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ئەو کارە، ئەوەش بە هاوکاری و هاوئاهەنگی سەرجەم پێکهاتەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەبێت. هەر کەسێکیش سەرپێچیی بکات بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ.