پارێزگاری نەینەوا هێشتا فەرمانی دامەزراندنی بۆ بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان دەرنەکردووە

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا
رووداو دیجیتاڵ

وێڕای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بەڵام عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا هێشتا فەرمانی دامەزراندنی بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکانی دەرنەکردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، پارێزگار چاوەڕێی گەیشتنی نووسراوی دادگەی باڵای فیدراڵی دەکات. 
 
ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13-03-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕییە نویێەکان دەرنەکردووە.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو گۆڕانکارییانە سێ پۆستی وەرگرتووە، کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوونێ و وانکێ.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، کە لە فراکسیۆنی یەکێتییە دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتە، قسەیان لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا کردووە و ئەویش پێی راگەیاندوون، تائێستا نووسراوی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی بەدەست نەگەیشتووە، لەبارەی رەتکردنەوەی سکاڵاکەی، هەرکاتێک نووسراوەکەی بەدەست بگات، فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەردەکات.
 
بەگوێرەی دەستووری عێراق، بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پلەی کۆتاییە، تانەی لێنادرێت و دەبێت هەمووان پێوەی پابەندبن. 
 
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاریی لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لەدژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئاییندە کران.
 
پارێزگارى نەینەوا ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە بکات و پێیوایە بە "نایاسایی" دەرکراون. 
 
بۆیە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا لەدژى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای تۆمار کرد، پارێزگار داواى کردبوو بڕیارەکانى ژمارە 21 بۆ 40ـى کۆبوونەوەى ژمارە 14ـى ئەنجوومەنى پارێزگا بە "نادەستوورى" بناسێنرێن، کە تایبەت بوون بە لادان و هەڵبژاردنی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەرانى ناحیە لە سنوورى پارێزگاکە.
 
بەڵام رۆژی سێشەممە، 4ـى ئادارى 2025، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى پارێزگارى نەینەواى لەدژى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى ئەو پارێزگایە رەتکردەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە دەرکراوە، ئەو بڕیارانەى بە "دروست" زانى.