وشکبوونی رووبارێک لە عێراق هەڕەشە لە 60 هەزار کەس دەکات

رووداو دیجیتاڵ
رووباری ئەبولیحیە یەکێکە لە رووبارە گرنگەکانی عێراق، بەڵام لەدوای بارانبارینیش لە وەرزی زستانی ئەمساڵ، ئاستی ئاوەکەی هێندە کەمە، کە لە هەندێک شوێنیدا هێشتا وشکە، بۆیە شێوەکەی لە تابلۆیەکی هونەری دەچێت.
رووبارەکە دەکەوێتە قەزای ئیسڵاحی سەر بە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق. پێشتر سەرچاوەی سەرەکیی ژیان بوو بۆ ناوچەکە، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانى کەشوهەوا بەرە وشکبوون دەچێت، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان لە ناوچەکە کردووە.
کۆچى نێوخۆیی، قڕبوونى مەڕوماڵات، کەمبوونەوەى کشتوکاڵ و ماسی دیارترین کاریگەرییەکانی کەمبوونەوە و وشکبوونی ئاوی رووبارەکەن.
ئەبو حەسەن موسافری، چالاکڤانی ژینگەیی بە رووداوی گوت "بەڕاستی (رووباری ئەبولیحیە) پێشتر تەواو پڕ بوو، ئێستا وشکەساڵی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، ئێمە لە وەرزی زستانداین، رۆژانی داهاتوو بۆ دانیشتووانی ئەم قەزایە زۆر خراپ دەبن، چونکە لە بژێویی ژیان بێبەشیان دەکات. هۆکارەکەی خراپ ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو و زیادەڕۆوییکردنە لە بەکارهێنانی رووبارەکە، لە کاتێکدا ئەم رووبارە پڕ بوو لە بەخێوکەرانی گامێش و بەلەمی راوچیانی ماسی، کە بژێوی ژیانیان لەسەری دابین دەکرد."
رووباری ئەبولیحیە، بژێویی ژیانی زیاتر لە 60 هەزار کەسی لەسەرە، ئێستا وەکو چەمی بچووک و جۆگەلە دەردەکەوێت.
بەهۆی کەمی و پیسبوونی ئاوەکەیەوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاژەڵ دروستکردووە و بووەتە هۆی نەخۆشکەوتن و کەمبوونەوەیان لەم ناوچەیەدا.
بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی ڤێتێرنەریی زیقار، ئێستا 297 هەزار سەرئاژەڵ لە ناوچەکەدا هەن، ئەم ژمارەیە دووئەوەندە کەمترە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو.
ئامارەکە مەترسیدارە و نیشانی دەدات بەتایبەتی ژمارەی گامێشەکان بەرەو کەمبوونەوە دەچێن، چونکە ئەو ئاژەڵانە پێویستیان بە ئاوی زۆر و گۆمی قوڵە.
ساڵی 2023 ژمارەی گامێشەکان 78 هەزار و 500 سەر بوو، لەماوەی دووساڵ دا 31 هەزار و 500ـیان کەمیان کردووە و تەنها 47 هەزار گامێش ماون.
دکتۆر عەلی حەموود، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتەرنەریی زیقار بە رووداوی گوت "گۆڕانی کەشوهەوا، چەندین ئەنجامی خراپی لەسەر ئەم ناوچەیە هەبووە، بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ژینگەوە هەیە، لە پلەی دووەم پەیوەندیی بە سامانی ئاژەڵەوە هەیە. ئەو گۆڕانە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی رووپۆشی رووەکی و لەوەڕگە سرووشتییەکان و نەبوونی ئاوی خواردنەوەی شیاو بۆ ئاژەڵان. ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن ئاژەڵەکان و وایکردووە؛ گامێش کە شانازیی پێوە دەکەین لە باشووری عێراق و لە زۆنگاوەکان، بەرەو پارێزگەکان و ناوچەکانی دیکە بڕوات."
ئەم کۆچکردنە بەهۆی کەمیی ئاو، هەروەها ئەو خۆراکانەوەیە کە پشت بە قامیش و گیای بروودی دەبەستن و خەریکە لەم ناوچانە دا نامێنن.کەمبوونەوەی قامیش و بروودی بووەتە هۆی حاڵەتەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵان، بەهۆی ئەوەی تووشی وشکبوونەوە دەبن.
عێراق، یەکێکە لەو پێنج وڵاتەى جیهان کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرى دەردەکەوێت.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمبوونەوەی بارانبارین وشکەساڵی، و خۆڵبارین، کە بەهۆى گۆرانى کەشوهەوا دروست بوون کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژینگەی عێراق و ژیانی خەڵکەکەکەى دروستکردووە، بەتایبەتی لە گوندەکاندا.
کەمبوونەوە و وشکبوونی رووباری ئەبولیحیە و نەبوونی سەرچاوەی ئاو، وای کردووە دانیشتووانی گوندەکان کۆچ بکەن، لە 2020ـەوە زیاتر لە 10 هەزار خێزان لە ناوچە ئاویى و زۆنگاوەکانى زیقار کۆچیان کردووە.
یەکێک لەو گوندانەى بەشێکی دانیشتووانەکەى کۆچیان کردووە ناوى گوندى کوردییە.
سەید هاشم، دانیشتووی گوندی کوردی لە زیقار دەڵێ "گوندی کوردی گوندێکی دێرینە و دووچاری کۆچکردن بووە. لە دەوروبەرمان کەس نەماوە، وشکبوونی رووبارەکە بووەتە هۆی پەکخستنی کشتوکاڵ و ئەوەی مووچەش وەردەگرێت لێرە نامێنێتەوە، دواڕۆژی ئێمەش کۆچکردنە، لە دەستەڕاستمان سێ خێزان و لە دەستە چەپمان چوار خێزانن؛ ئێرە بەرەو چۆڵبوون دەچێت."
دروستکردنی دەریاچە و راکێشانی لقی ئاو بە نایاسایی لەلایەن خەڵکەوە، بە هۆکارێکی دیکەی وشکبوونی رووبارەکە دادەنرێت.
بەڕێوەبەری سامانی ئاوی زیقار بە رووداوی گوت "زۆر ھۆکار ھەن کە دەبنە ھۆی کەمئاوی لە چەمەکاندا. لەوانە سەرپێچیکردن لەسەر چەمەکان و پشکە ئاوییەکان لەلایەن بەکارھێنەرانەوە. ھەروەھا دروستکردنی دەریاچەی نایاسایی بۆ بەخێوکردنی ماسی. ئێمە کار لەسەر لابردنی ئەم سەرپێچییانە دەکەین، وەک تێکدانی دەریاچە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران. بۆ کەمکردنەوەی کەمئاوی و گەیاندنی ئاو بە کۆتایی جۆگەلەکان. ستافەکانمان بەردەوامن لە کارکردن تەنانەت لە شەو و پشووە فەرمییەکانیشدا. بەردەوام دەبین لە کارکردن لە ھەموو کاتێکدا بۆ گەیاندنی پشکە ئاوییەکان بە چەمەکان و گەیاندنی ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. ھەروەھا کارکردن بە سیستمی رشاندن لە لایەن ستافەکانمانەوە لە حەوزەکانی غەراف و فورات."
زیقار، پشکى شێرى گۆڕانى کەشوهەواى لە عێراق بەرکەوتووە، لەکاتێکدا بەر لە 5 ساڵ، بەهۆى زۆریی ئاوەکەى شوێنێک بوو بۆ سەردانی گەشتیاران.