دادگەى باڵای فیدراڵیى عێراق لەبارەی سکاڵایەک لە دژی محەممەد حەلبووسی کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق دووەم دانیشتن لەبارەى سکاڵایەکەوە دەکات کە پەرلەمانتارێکى کریستیانى عێراق دژى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق تۆماری کردووە و تێیدا داوا دەکات بیگەڕێننەوە بۆ لێژنەى دەستپاکى.
 
بەگوێرەى خشتەى کارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـى ئادارى 2023، دادگەکە دووەم دانیشتنى بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک ئەنجام دەدات کە دورەید جەمیل ئەیشوع، ئەندامى کریستیانى پەرلەمانى عێراق دژى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق تۆماریکردووە. سکاڵاکە بە هاوبەشی لەگەڵ دوو پەرلەمانتارى دیکە تۆمارکراوە، کە باسم خەشان و هادى سەلامی-ین و هەردووکیان ئەندامى لیژنەی دەستپاکین.  
 
لە سکاڵاکەدا هاتووە: پەرلەمانتارە کریستیانەکە بە دەنگدان ئەندامێتیى لیژنەى دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، بەڵام دوورخراوەتەوە و هەربۆیە داوا دەکات بڕیارەکەى پەرلەمان هەڵبووەشێندرێتەوە.
 
13ـى ئادارى 2023، دورەید جەمیل ئەیشوع بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بۆ گوێگرتنە لە وەڵامى تیمى پارێزەرانى سەرۆکى پەرلەمان لەبارەى ئەو سکاڵایەوە کە دژى تۆمار کراوە.
 
رۆژی 27ـى شوباتى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتنى لەبارەى سکاڵاکە ئەنجامدا و بڕیدرا کە دانیشتنەکە دوابخرێت بۆ 13ـى ئادار، دواى ئەوەى تیمى پارێزەرانى محەممەد حەلبووسی داویان کرد کاتیان پێ بدرێت بۆ وەڵامدانەوەى سکاڵاکە.
 
دورەید جەمیل ئەیشوع رایگەیاند، ئەگەر هەیە لە دانیشتنى ئەمڕۆى دادگەدا دوابڕیار نەدرێت و دانیشتنێکى دیکە دەستنیشان بکرێت بۆ بڕیارى کۆتایی و گوتیشى: "تاکە چارەسەرى ئەو کێشەیە لە دەرەوەى دادگە ئەوەیە کە بڕیارى پێشووى سەرۆکى پەرلەمان لەبارەى ئەندامێتیى من لە لیژنەى دەستەى دەستپاکى دەستکارى بکرێت".
 
بە بڕیارى ژمارە 22ـى پەرلەمانى عێراق لە 18ـى کانوونى دووەمى 2023دا ئەندامانى لیژنەکانى پەرلەمانى عێراق دیاریکران. پەرلەمانتارە کریستیانەکە بانگەشەى ئەوە دەکات کە لە دەنگداندا ئەندامێتئى لیژنەکەى مسۆگەر کردووە، بەڵام دواتر لە بڕیارى سەرۆکى پەرلەماندا بۆ خوێندنەوەی ئەندامانی لیژنەکە، ناوەکەى تێدا نەبووە.
 
پەرلەمانى عێراق 25 لیژنەى هەمیشەیی هەیە و دەکرێت هەر لیژنەیەک تاوەکو 23 ئەندامى هەبێت. ئێستاش لێژنەی دەستپاکی ئەو ژمارە ئەندامەى هەیە.