دادگەی فیدراڵی: هۆشیار زێباری ناتوانێت خۆی بەربژێر بکات

13-02-2022
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی خۆبەربژێرکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کۆتاییهات و دادگەکە بڕیاریدا بەربژێربوونی هۆشیار زێباری رەتبکاتەوە و رایگەیاند، بڕیاری پەرلەمان لەوبارەیەوە "راست نییە"
 
دادگەی باڵای فیدراڵی رایگەیاندووە، "بڕیاری پەرلەمان سەبارەت بە پەسندکردنی خۆبەربژێرکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە 31ی مانگی یەکی 2022 راست نییە، بۆیە هەڵمان وەشاندەوە، تەنانەت لە داهاتووشدا نابێت رێگە بە خۆبەربژێرکردنی بدرێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 13-02-2022 دادگەی فیدراڵی لەبارەی ئەو سکاڵایانەی لەسەر هۆشیار زێباری، بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە کۆبووەوە و یەک بڕگە لە دانیشتنەکەی دادگەی فیدراڵی هەبوو، ئەویش یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هۆشیار زێبارییە، کە لە ماوەی رابردوو لەسەر بنەمای سکاڵای چەند پەرلەمانتارێک دادگەی فیدراڵی رێوشوێنەکانی بەربژێرکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشێوەیەکی کاتی راگرتبوو.
 
هۆشیار زێباری تاکە بەربژێری پارتییە بۆ ئەو پۆستە، ئەمڕۆش دوایین رۆژی خۆبەربژێرکردنە بۆ سەرۆککۆماری عێراق و کاژێر 15:00 وادەکە کۆتایی دێت. تاوەکو ئێستا دیار نییە پارتی دیموکراتی کوردستان چ کەسێک وەکو جێگرەوەی بەربژێرەکەیان دادەنێت.
 
لە نووسراوی بڕیارەکەیدا لەو کەیسە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "دەستوور لە ماددەی 68دا چەند مەرجێکی بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاریکردووە. دیاریکردنی ئەو مەرجانە لە ماددەی 68ی دەستوور بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پەیوەندیی بە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمارەوە هەیە، کە لە ماددەی 73ی دەستوور و چەند ماددەیەکی دیکەدا هاتوون؛ بۆیە لە روانگەی بەشێکی ئەو دەسەڵاتانەوە دەستوور سەرۆککۆماری لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران داناوە، چونکە پۆستی سەرۆککۆمار گرنگە، لە کاتێکدا پەرلەمان لە رێککەوتی 25ی مانگی هەشتی ساڵی 2016 پرساندنی لەگەڵ هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی ئەوکات کرد و لە 21ی مانگی 9ی 2016 متمانەی لێسەندەوە، بۆیە لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری لەلایەن نوێنەرانی گەلەوە رێگرە لە بەدیهاتنی مەرجەکانی خۆبەربژێرکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار".
 
رۆژی یەکشەممە 6ی شوباتی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵی لەسەر سکاڵای چوار پەرلەمانتار کە سێیان یەکێتین، فەرمانێکی وەلائی دەرکرد و رێوشوێنەکانی بەربژێرکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشێوەیەکی کاتی راگرت.
 
هەمان رۆژ هۆشیار زێباری، بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "رێز لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەگرین لە وەستاندنی بەربژێربوونمان بەشێوەی کاتی تاوەکو یەکلابوونەوەی ئەو داوایەی لەسەرمان تۆمارکراوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە