دادگەی فیدراڵی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی دۆسیەی هۆشیار زێباری دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
دانیشتنی دادگە لە بارەی دۆسیەی خۆبەربژێرکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد و دادگەکە بڕیاری یەکلاکەرەوە لە بارەی دۆسیەکە دەدات و ئێوارەی ئەمڕۆش هۆشیار زێباری کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دەبێت.
 
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند: دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەبارەی  ئەو سکاڵایانەی لەسەر هۆشیار زێباری، بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە دەستیپێکردووە و یەک بڕگە لە دانیشتنەکەی دادگەی فیدراڵی هەیە، ئەویش یەکلاکردنەوەی کەیسی هۆشیار زێبارییە، کە لە ماوەی رابردوو لەسەر بنەمای سکاڵای چەند پەرلەمانتارێک دادگەی فیدراڵی رێوشوێنەکانی بەربژێرکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشێوەیەکی کاتی راگرتبوو.
 
چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسیی پێیانوایە دادگەی فیدراڵی کە ئەمڕۆ یەکشەممە 13-02-2022، بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر کەیسەکەی هۆشیار زێباری دەدات، بێتاوانبوونی ئەو بەربژێرە رادەگەیێنێت، باس لەوەش دەکەن کە رۆژی پێنجشەممە هۆشیار زێباری و تیمی پارێزەرانی لە دادگە بوونە تەواوی بەڵگەکانیان خستووەتە بەردەمی دادوەر بۆ رەتکردنەوەی هەر تۆمەتێک کە خراوەتە پاڵی.
 
هەروەها چاودێران پێیانوایە ئەگەر هۆشیار زێباری بێتاوان نەبووایە، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنگرەی رۆژنامەڤانی نەدەبەست، تیمی راگەیاندنی هۆشیار زێباری دەزگاکانی راگەیاندنیان ئاگادارکردووەتەوە، کە لە کاژێر 3ی ئێوارەی ئەمڕۆ هۆشیار زێباری کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە 6ی شوباتی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵی لەسەر سکاڵای چوار پەرلەمانتار کە سێیان یەکێتین، فەرمانێکی وەلائی دەرکردو رێوشوێنەکانی بەربژێرکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشێوەیەکی کاتی راگرت.
 
هەمان رۆژ هۆشیار زێباری، بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "رێز لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەگرین لە وەستاندنی بەربژێربوونمان بەشێوەی کاتی تاوەکو یەکلابوونەوەی ئەو داوایەی لەسەرمان تۆمارکراوە".