ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە جلوبەرگەکانی دادەکەنێت

رووداو - هەولێر

لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەدا، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە هەڵدەچێت و جلوبەرگەکانی دادەکەنێت.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، لەکاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دیالە بۆ هەڵبژاردنی جێگری پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی، گرژی و ئاڵۆزی  تووند دروست بووە و تەنانەت بەشێک لە ئامێر و کەرەستەکانی دانیشتنەکە دەشکێنرێت.

هەر لە دانیشتنەکەدا ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ناڕەزایی تووندی دەردەبڕێت و هەڵدەستێتەوە و جلوبەرگی دادەکەنێت.

سادق حوسێنی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند، پۆستی جێگری پارێزگاری دیالە بۆ کاروباری تەکنیکی پشکی لیستی عێراقییەیە و زیاتر لە 13 کەسی لیستەکە بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بوون، دواتر هەشتیان کشانەوە و پێنجەکەی دیکە کێبڕکێیان کرد بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە.

سادق حوسێنی روونیکردەوە، پێش دەنگدانەکە ململانێ و ناکۆکی تووند دروستبوو لەبارەی هەندێک لە ناوەکان و داواکرا هەندێکیان بکشێنەوە، دواتر هەر پێنج بەربژێرەکە خرانە دەنگدانەوە و لە ئەنجامدا محەممەد قوتەیبە بە زۆرینەی دەنگ بە جێگری پارێزگاری دیالە بۆ کاروباری تەکنیکی هەڵبژێردرا.