لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە سامەڕا 10 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و برینداربوون
رووداو- بەغدا
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشیکی خۆکوژیی لە سامەڕا روویداوە و بەو هۆیەوە 10 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و برینداربوون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقی کە سەر بەئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوو، ئێوارەی ئەمڕۆ خۆکوژێک بەئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر چەکدارانی لیوای 313ـی حەشدی شەعبی لە سامەڕا هێرشێکی ئەنجامدا و ئەوەش بووە هۆی کوژرانی حەوت چەکداری ئەو هێزە و برینداربوونی سێی دیکەش.
هاوکات سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی رایگەیاند، حەوت کوژراوەکە خەڵکی پارێزگای زیقارن.
مەحمود خەلەف، قایمقامی سامەڕا بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی نێوان نوێژی شێوان و خەوتنان، خۆكوژێك بە پشتێنەیەكی بۆمبڕێژكراو خاڵێكی سەربازی هێزەكانی حەشدی شەعبی كردە ئامانج و بەهۆیەوە حەوت چەكداری حەشد كوژران و سێی دیكەش برینداربوون".