تەقینەوەیەک لە قەزای ئەبوغرێب روویدا
رووداو- هەولێر
تەقینەوەیەک لە رۆژئاوای بەغدا روویدا و، بەهۆیەوە 9 کەس کوژران و برینداربوون.
دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە 12-11-2016، بۆمبێکی چێنراو لە قەزای ئەبوغرێب-ی رۆژئاوای بەغدا تەقییەوە، بەپێی سەرچاوەیەكی رووداو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەهۆی تەقینەوەكە دوو کەس کوژراون و حەوتی دیکە برینداربوونە.
لەدوای ساڵی 2003 ەوە، عێراق بەگشتی و شاری بەغدا بەتایبەتی رۆژانە کردەوەی تووندوتیژی بەخۆوە دەبینێت، بەهۆیەوە رۆژانە دەیان کەس دەبنە قوربانی، بۆیە وەک رێککارێکی ئەمنی، چەندین شەقام و ناوچە داخراون.
رۆژی سێشەممە 1/11/2016، رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) ئاماری کردەوە تووندوتیژیییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی رابردووی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، لەو مانگدا هەزار و 792 کەس کوژراون و هەزار و 358 کەسی دیکەش برینداربوونە.
یونامی ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی كردەوە تووندوتیژییەكان زۆرترین زیان بەر پارێزگای بەغدا کەوتووە و، هەزار و 75 کەس بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیە 268 کەس کوژراون و 807ی دیکە برینداربوونە.