فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا: پارتی دەستپێشخەریی کردووە بۆ پشتیوانی لە د. لەتیف رەشید
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، پێشوازیی لە دەستپێشخەریی پارتی دەکەن بۆ کشاندنەوەی بەربژێرەکەیان و پشتیوانیکردن لە د. لەتیف رەشید وەکو بەربژێری هاوبەشی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-10-2022، بڵاویکردەوە دەڵێت، پێشوازیی لەو دەستپێشخەرییە دەکەن کە تێیدا "بەرژەوەندیی گشتیی رەچاوکراوە و بەرژەوەندیی حیزبی وەلانراوە،" چاوەڕێش دەکەن لە کۆبوونەوەی رۆژی پێجشەممەی پەرلەمانی عێراقدا دەنگی لەسەر بدرێت، ئەوەش بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.
11ـی تشرینى یەکەمى 2022، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەى پەرلەمانى بۆ 13ى تشرینى 2022 هەڵگرت و رایگەیاند، کۆبوونەوەى 13ى تشرینى یەکەم، یەک بڕگە دەبێت کە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارە.
گفتوگۆکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامن بۆ ئەوەی لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە رێکبکەون و کۆتایی بەو بنبەستە سیاسییە بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان رێبەر ئەحمەد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان د. بەرهەم ساڵحی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ رێککەوتنێک لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا لەبارەی دیاریکردنی بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە.
فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییەی پارتیدا بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسیی عێراق کە بووەتە هۆی دواخستنی پیکهێنانی حکومەت و وڵاتەکەی "خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە".
10ى تشرینى یەکەمى 2022، تەمەنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق گەیشتە ساڵێک بەبێ ئەوەى حکومەتى نوێى عێراق پێکبهێندرێت، هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار کلیلى یەکەم دەرگەى پێکهێنانى ئەو حکومەتەیە کە تاوەکو ئێستا بەهۆى رێکنەکەوتنى یەکێتى و پارتى لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش، یەکلایی نەبووەتەوە.
بەگوێرەى دەستووری عێراق، پێویستە سەرۆککۆمارى نوێ بەربژێرى سەرۆکوەزیران رابسپێرێت کە محەممەد شیاع سوودانی-یە و لە لایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى بەربژێرکراوە.