رووداو ـ هەولێر
بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەناوچەی حەجاج لەسەر رێگەی نێوان بەغدا - موسڵ، 14 كەس كوژران و برینداربوون.
جەمال ئیعگاب، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك ئۆتۆمبێلێكی نەفەرهەڵگر لەبەردەم چێشتخانەی قەلعە لە ناحیەی حەجاجی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین، شەش كەس كوژران و 11 كەسی دیكەش برینداربوون".
بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری سەڵاحەدین، دەڵێت: "چێشتخانەكە لەسەر رێگەی نێوان بەغدا ـ موسڵە و گەشتیاران بۆ پشوودان لەو چێشتخانەیە دادەبەزن، ئەمڕۆ لەلایەن پاشماوەكانی داعش كرایە ئامانج، تاوەكو ئێستاش زانیاری وردمان لەبارەیەوە بەدەست نەگەییشتوە، چونكە ناوچەكە لەلایەن هێزەكانی پۆلیس گەمارۆداوە و لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردوە".
هاوكات سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند، ژمارەی كوژراو و بریندارانی تەقینەوەكەی بەردەم چێشخانەی قەلعە لە قەزای بێجی بۆ 14 كوژراو و برینداربەرزبووەوە، پێشبینیش دەكرێت ژمارەی قوربانیان هێشتا بەرزبێتەوە.
هەروەها بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لە گوندی گنێتڕە لە ساحلی بەری چەپی شەرگات، كە ئۆتۆمبێلێكی شارستانی كردبووە ئامانج كەسێكی سڤیل كوژراوە و 2ـی دیكەش برینداربوونە.
داڕشنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ