سێ مانگە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، زیقار ئاژەڵەکانى ئابڵوقە داوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەى سێ مانگە ئیدارەى پارێزگاى زیقار رێگەى نەداوە هیچ ئاژەڵێک لەو شارە ببرێتە دەرەوە یان بهێندرێتە ناو پارێزگاکە، ئەویش بۆ رێگرى لە بڵاوبوونەوەى تاى خوێنبەربوون، کە زۆرترین ژمارەى تووشبوون و گیانلەدەستدانى تێدا تۆمارکراوە بەو پەتایە.
 
دکتۆر حەیدەر حەنتوش، بەڕێوەبەرى نەخۆشییە گواستراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى زیقار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە مانگى ئادارەوە لیژنەیەکى هاوبەشی ئیدارەى پارێزگاى زیقار بڕیاریداوە هیچ ئاژەڵێک لە زیقار نەبرێتە دەرەرە و هیچ ئاژەڵێکیش نەهێندرێتە نێو پارێزگاکە، ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەى تاى خوێنبەربوون."
 
بەڕێوەبەرى نەخۆشییە گواستراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى زیقار ئاماژەى بەوەش دا، پێویستە هەمان هەنگاو لە سەرجەم پارێزگاکان بگیرێتەبەر بۆ رێگرى لە بڵاوبوونەوەى تاى خوێنبەربوون، گوتیشى، "ئەگەرى هەیە ئاژەڵ بە قاچاخ ببرێتە دەرەوەى زیقار یان بە پێچەوانەوە."
 
ئەمساڵ 101 کەس وەکو تووشبووى تاى خوێنبەربوون لە پارێزگاى زیقار تۆمارکراون و 23 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە، ئەو پارێزگایە زۆرترین ژمارەى تووشبوون و گیانلەدەستدانى بەو پەتایە تێدا تۆمارکراوە لەسەر ئاستى عێراق.
 
بەگوێرەى دوایین ئامارى وەزارەتى تەندروستیی عێراق، کە لە 19ى حوزەیرانى 2022 بڵاویکردووەتەوە، 194 تووشبووى تاى خوێنبەربوون تۆمارکراون و 32 تووشبوو بەهۆى ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەى ئامارەکانى زیقار، زیاتر لە یەک ملیۆن مەڕ، بزن، مانگا و حوشتر لەو پارێزگایەدا هەن.