یاریدەدەرانى پارێزگارى موسەننا لەسەر قیرتاوکردن راپێچى دادگا کران

رووداو دیجیتاڵ 

هەردوو یاریدەدەرەکەى ئێستاى پارێزگارى موسەننا بەهۆى "سەرپێچیکردن" لە چەند پڕۆژەیەکى قیرتاوکردن لەو پارێزگایە، راپێچى دادگە کران و دادگە چوار بڕیارى لە دژیان دەرکرد. 
 
چوارشەممە 12-06-2024 دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، چوار فەرمانى بانگهێشتکردن لەلایەن دادگەی دەستپاکییەوە لە دژى یاریدەدەرانى تەکنیکى و کارگێڕیى پارێزگارى موسەننا دەرکراوە. 
 
سێ بڕیاریان لە دژى یاریدەدەرى پارێزگار بۆ کاروبارى کارگێڕیى و بەڕێوەبەرى فەرمانگەى گرێبەستە حکومییەکان و، چوار ئەندامى لیژنەى هەڵسەنگاندن و جێبەجێکردنى پڕۆژەکان بووە. رێوشوێنە یاساییەکە بەهۆى سەرپێچی لە پڕۆژەکانى قیرتاوکردنى شەقامەکانى ناحیەى نەسر و رێگەیەکى دیکەى نێو شارى سەماوەى ناوەندى پارێزگایە و پڕۆژەیەکى هاوشێوە لە قەزاى رومێسە.
 
ئەو سێ پڕۆژەیە دراونەتە دوو کۆمپانیا، کە بەپێی راپۆرتى دیوانى چاودێریى دارایی کۆمپانیاکان پابەند نەبوون بە مەرجەکانى جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. 
 
بەگوێرەى دەستەى دەستپاکى، یاریدەدەرى پارێزگاى موسەننا بۆ کاروبارى تەکنیکى و چەند ئەندامێکى لیژنەى هەڵسەنگاندن و جێبەجێکردنى پڕۆژەکان بانگهێشتى دادگە کراون، ئەویش بەهۆى سەرپێچی لە کەمکردنەوەى پڕۆژەى قیرتاوکردنى شەقامەکانى شارى رومێسە کە دراونەتە دوو کۆمپانیا. 
 
ديوانى چاودێریى دارایی عێراق لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوە داوە؛ ئەو پڕۆژەى قیرتاوکردنە دراوەتە دوو کۆمپانیا، بەبێ ئەوەى دڵنیاببنەوە لەوەى کارگەى قیر و ئامێرى پێوستیان بۆ جێبەجێکردنى ئەو  پرۆژەیە هەیە و، زانیارى "چەواشاکارانەیان" داوەتە پارێزگا.   
 
 بڕیارى بانگهێشتکردنى ئەو دوو بەرپرسەى موسەننا، سێشەممە 11ـی حوزەیران دەرکراوە، بەگوێرەى مادەى 331ـی یاسای سزادانى عێراقى کە تایبەتە بە سەرپێچکردن لە بەجێهێنانى ئەرکى فەرمى، سزاکەى بەندکردن و پێبژاردنە، بەبێ ئەوەى ماوەکەى دیاریکرابێت.