قایمقامی موسڵ: میلیشیاكان هەڕەشەی کوشتنم لێدەكەن
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی موسڵ رایگەیاند، دوای ئاراستەکردنی نووسراوێکی فەرمی بۆ دادگا لە دژی ژمارەیەک چەکداری میلیشیاكانی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە بەبێ هیچ پاڵپشتیێكی یاسایی دەست بەسەر زەوییەکانی حكومەت لە شارى موسڵدا دەگرن، رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە.
بەپێی نووسراوی ژمارە (ت.ج/1/1173) كە لە رۆژی 25-2-2021 دەرچووە و قایمقامی موسڵ لە سەرەتای ئەم مانگەدا واژۆی كردووە، داوا لە بنكەی پۆلیسی نەسر دەكات هەریەك لە عومەر ریاز عەبدوڵڵا، محەمەد سەڵاح حەسەن، رەبیع ریاز عەبدوڵڵا و عەبدولعەزیز عەبدولسەتار راشد، كە سەر بە نووسینگەی ئابووری عەسائیبی ئەهلی حەقن، دەستگیربكات.
زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی موسڵ لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئەو کەسانە لە کاتی تەختکردنی پارچە زەوییەک دەستگیركران، دانیان بەوەداناوە كە سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەقن".
زوهێر ئەعرەجی دەڵێت هەرچەندە ئەو کەسانە رەوانەی دادگا دەكرێن: "بەڵام دڵنیام ئازاد دەكرێن و منیش هەڵە دەردەچم، چونكە زمانی چەك بەهێزترە لە جێبەجێكردنی یاسا، رێكارەكانی دادگاش بە دەستەبەری و داخستنی لێكۆڵینەوە كۆتایی دێت".
ئەعرەجی هەڕەشە دەکات و دەڵێت ئەگەر دادگا هەڵوێستێكی سەربەخۆی نەبێت دەست لەكاردەكێشێتەوە و دەڵێت: "پێش و پاش رەوانەكردنی ئەو گرووپە بۆ دادگا هەڕەشەم لێكراوە، هاوشێوەی سەردەمی داعش كە 24 جار هەوڵی تیرۆركردنم درا، بەهۆیەوە 14 پاسەوانم كوژراون، ئێستاش هەمان هەڕەشەیە".
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق رەتیدەكاتەوە ئەو كەسانە سەر بە ئەوان بن و لە راگەیێندراوێكدا گوتی: "دوورو نزیك ئەوانە هیچ پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە، ئەمەش هەوڵێكە بۆ ناشیرینكردنی ناوبانگی عەسائیب، بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەبەینە بەر دادگا".
رۆژنامەڤان زیاد سنجاری، دانیشتوی شاری موسڵ دەڵێت: "ئەو گرووپەی دەستگیركراون سەر بە گرووپێكی گەورەترن كە چەند رۆژێك لەمەوبەر تەقەیان لە فەرمانگەی قەرەبووكردنەوەی موسڵ كرد و بەهۆیەوە دوو سڤیل برینداربوون."
ئەعرەجی یەكەم بەرپرس نییە بەراورد لە نێوان موسڵی سەردەمی دەسەڵاتی داعش و دوای كۆنترۆڵكردنەوەی دەكات، قایمقامی پێشووی شارەكە دەڵێت: "لەسەردەمی دەسەڵاتی داعش سیستمی سەرانە هەبوو لە شارەكە، داعش مانگانە و ساڵانە لە بەرامبەر هەموو چالاكییەكی ئابووری پارەی وەردەگرت، ئەمڕۆش هەمان شێوازە، بەڵام ناوەكان گۆڕاون".
نەك تەنیا لە شاری موسڵ بەڵكو لە زۆربەی شارە كۆنتڕۆڵكراوەكان میلیشیاكان پێشێلی یاسا دەکەن، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پارێزگای كەركووك رایگەیاند: "عەسائیب بەشێوەیەكی فراوان چالاكی نایاسایی دەکات، قاچاخچییەتی خواردنەوە كحولییەكان، مەڕو ماڵات و فرۆشتنیان، بە قاچاخهێنانی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان و چەندین چالاكی دیكە".
سەرچاوەكە، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت هەروەها گوتی "عەسائیب رەتیدەكاتەوە پەیوەندی بەو كەسانەوە هەبێت كە هەندێكیان ناسنامەی ئەوانیشیان هەیە، بۆیە سەلماندنی ئەوەی كە سەر بە میلیشیاكانن سەختە، پۆلیسیش هیچ داتایەكی میلیشیاكانی لەبەردەست نییە، دوای دەستگیركردنیشیان بەهۆی گوشار خستنە سەر پۆلیس و دادگا ئازاد دەكرێن."
بەگوتەی سینان موڕتەزا، شارەزای عێراقی لە كاروباری ئابووری، گرووپە چەكدارەكان لە رێگەی چالاكییە ئابوورییە نایاساییەكان لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان پارەیەکی زۆریان دەستدەكەوێت لەوانە، كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمیەكان، قاچاخچیێتی، سەپاندنی سەرانە لەسەر چالاكییە ئابوورییەكان."
موڕتەزا دەڵێت ملیشیاكان بەرگری لە ئەندامەكانیان دەكەن، بەڵام كە لەكاتی ئەنجامدانی كارەكانیان دەستگیركرێن یان دەكوژرێن دەستبەرداریان دەبن، كاتێكیش دەردەكەوێت سەر بە خۆیانن، دەڵێن، ئەوانە خراپەكارن و بە تووندی سزا دەدرێن.
شەمەی رابردوو ماڵپەڕی (جی ئاڕ ئا)ی تایبەت بە تاوتوێكردن و شرۆڤەكردنی مەترسییە سیاسی و ئابوورییە جیهانیەكان رایگەیاند: "میلیشیا چەكدارەكان لە سووریا و عێراق هەوڵدەدەن شەڕ هەبێت و سەقامگیری لەو دوو وڵاتە عەرەبییە نەبێت، بۆ پاراستنی ئەو قازانجەی بەهۆی خراپی رەوشی سیاسی لەو دوو وڵاتە دەستیان دەكەوێت."
لەو کاتەی شەڕی ناوخۆ لە سووریا هەیە، هەروەها دەستپێكردنی پڕۆگرامی نەوت بەرامبەر خۆراك لە عێراق لە نەوەتەكانی سەدەی رابردوو، بەهۆی لاواز بوونی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئابووریی نافەرمی و نایاسایی لەو دوو وڵاتە گەشەی کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی رژێمی سووریا لە شەڕی دژی داعش پشتی بە میلیشیا چەكدارەكان بەست و میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش لەساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دروستکران.