دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمریکییەکان، قاسم ئەعرەجی بەرەو تاران بەڕێکەوت
رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ بەرەو تاران بەڕێکەوت و بڕیارە لەگەڵ عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆببێتەوە.
دەزگای راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ بە داوەتێکی فەرمیی بەرەو تاران بەڕێکەوت و بڕیارە لەگەڵ عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆببێتەوە".
ئەم سەردانەی قاسم ئەعرەجی، بۆ ئێران پاش رۆژێک هات لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ماتیۆ تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنی و سیاسی لە ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لەگەڵ بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن.
دوای کۆبوونەوەکە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: "عێراق بەردەوام هەوڵدەدات ببێتە خاڵی بەیەک گەیشتن و هەوڵی نزیکبوونەوە لەگەڵ هەمووان دەدات بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و دوورخستنەوەی لە ململانێکان".
دکتۆر محەممەد حەیانی، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەردانەکەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ ئێران،، بێ مەبەست نییە، بەڵکو ئاشکرایە لە چوارچێوەی جووڵەیەکی ئەمنی و سیاسی بەهێزدایە، چونکە بەغدا هەوڵی نێوەندگیری دەدات لە نێوان تاران و ئەمریکا".
پێش ئەم سەردانە و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانوستاندنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپەکانی حەشدی شەعبی کۆبووەوە.
دکتۆر محەممەد حەیانی دەڵێت: "ئێران ئێستا لە هەوڵی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا، بابەتی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق زۆر هەستیارە بۆ ئێران، بۆیە ئێران هەوڵدەدات هەموو گرووپە هاوپەیمانەکانی و کارتەکانی لە عێراق بەکاربهێنێت بۆ بە بەرهەمگەیاندنی دانوستاندنەکانی لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی و لابردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر تاران".