پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجەی 2021 کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار قەرداخ، بڕیاردەری پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند رۆژی چوارشەممە 13ی کانوونی دووەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆدەبێتەوە.
رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2021 قەبارەی زیاتر لە 164 تریلیۆن دینارە. داهاتی عێراق زیاتر لە 93 تریلیۆن دینارە کە 73 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتە و 20 تریلیۆن دیناریشی داهاتی نانەوتییە.
لە پرۆژەیاساکەدا نرخی نەوتی خاو بە 42 دۆلار خەمڵێندراوە و عێراق بە تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
بودجەکە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە و بەهای یەک دۆلار بە 1450 دینار هەژمار دەکرێت. بودجەی 2021 پێویستی بە قەرزکردنی 47 تریلیۆن و 817 ملیار دینارە.
لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان 13 تریلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینار دەبێت.
پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی راستەقینە و دوای لێدەرکردنی خەرجیی سەروەری دیاریدەکرێت. خەرجیی سەروەری وەکو خەرجییەکانی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و چەندین دەزگای فیدراڵی دیکەیە.
پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی دیاریدەکرێت. دەبێت شایستەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 تاوەکو 2020 یەکلایی بکرێنەوە. هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و داهاتی رادەستی حکومەتی عێراق بکات؛ داهاتە نانەوتییەکانیشی رادەستی حکومەتی عێراق بکات.
ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتەکانی رادەست نەکات، ئەوا بڕی ئەو داهاتانە لە پشکەکەی دەبڕدرێت. دەبێت هەرێمی کوردستان لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو زانیارییەکانی ئەو قەرزانەی لەسەریەتی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقیان بکات. لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە ماوەی 90 رۆژدا بەو زانیارییانەدا دەچێتەوە.
بەگوێرەی پرۆژەیاساکە، وەزارەتی دارایی عێراق لەژێر رۆشنایی بڕگەکانی سەرەوەدا قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەداتەوە.