ئێران: زیاتر لە 2 ملیۆن و 650 هەزار زیارەتکار چوونەتە عێراق


رووداو دیجیتاڵ

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماری نوێی لەبارەی ژمارەی زیارەتکارانی وڵاتەکەی بۆ کەربەلا بڵاوکردەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 11-9-2022، عەمید حوسێن ئەشتەری، فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسایشی ناوخۆی ئێران سەردانی دەروازەی  سنووریی خوسرەوی کرد و سەردانی زیارەتکارانی بۆ چلەی ئیمام حوسێن و گەڕانەوەی زیارەتکارانی بەسەر کردەوە. 
 
عەمید حوسێن ئەشتەری قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ لە رێگەی 6 دەروازەی سنوورییەوە زیاتر لە 2 ملیۆن و 650 هەزار زیارەتکار چوونەتە عێراق؛ زیاتر لە 700 هەزاریان گەڕاونەتەوە ئێران.
 
عەمید حوسێن ئەشتەری رایگەیاند، هەوڵەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران و عێراقەوە بۆ ئاسانکاریکردنی زیارەتکاران و گواستنەوەیان بۆ عێراق بەردەوامە و گوتیشی، پرۆسەکە لەگەڵ ئەوەی لەسەرخۆیە، بەڵام بەردەوامە.
 
رۆژی شەممە 10-09-2022، شێخ غولامڕەزا ئەبازەری، گوتەبێژی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی کرد و سەبارەت بە هاتنی ژمارەی زیارەتکارانی ئێران بۆ رێورەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە عێراق رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 2 ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکار لە ئێرانەوە هاتوونەتە عێراق." 
 
غولامڕەزا ئەبازەری گوتی: "لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخیشەوە تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی زیاتر لە 30 هەزار کەس چوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەرەو کەربەلا و نەجەف بەڕێبکەون." 
 
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، حوسێنی کوڕی عەلی، کچەزای محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی موعاوییە کوژران.
 
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. ملیۆنان پەیڕەوی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.