لیژنەى باڵاى ئەمنیی عێراق سەردانى تورکیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى باڵاى ئەمنیى عێراق سەردانى تورکیا دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش بە ئامادەبوونى وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ى ئاب، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. یەکێک لە ئەجێنداى کۆبوونەوەکە ئەو سەردانەیان بوو بۆ تورکیا.
بە گوێرەى راگەیێندراوى وەزارەتى دەرەوەی عێراق، لەو کۆبوونەیەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکان بۆ ئەو سەردانە کراوە.
ئەندامانى بەشداربووى لیژنەى باڵاى ئەمنیی عێراق لەو کۆبوونەوە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان؛ سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق؛ قاسم ئەعرەجى، راوێژکاریى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى چەند پرسێکى سەربازى و ئەمنى هاوبەش لەنێوان عێراق و تورکیا کرا.
رۆژی هەینی 9-8-2024 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "هەفتەی داهاتوو تیمی کاری هاوبەشی تورکیا-عێراق کۆدەبێتەوە. شاندی حکومەتی عێراق سەردانمان دەکات و لەگەڵ شاندی تورکیا بە چاودێری وەزارەتی دەرەوە کۆدەبنەوە. تیمە هاوبەشەکە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی هەنگاو بە هەنگاوی بڕیارە ستراتیژییەکانی هەردوو وڵات دەکات هەر لە پرسی ئاو بیگرە تاوەکو بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، هاوئاهەنگی سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".