وەزیری نەوت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان: هیوادارین لە رۆژانی کەمی داهاتوو لەسەری رێککەوین
رووداو - بەغدا
رووداو نێوەڕۆکی ئەو بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنە ئاشکرا دەکات کە لە دوایین کۆبوونەوەی سێقۆڵیی وەزارەتی نەوتی عێراق و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان لە بەغدا هاتە ئاراوە.
گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان بگۆڕدرێت بۆ گرێبەستی هاوبەش لە قازانج؛ وەزارەتی نەوتی عێراق بەڵێنی داوە لە ماوەی 10 ساڵدا بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزی کۆمپانیاکان بداتەوە، بەمەش کرێی دەرهێنانی نەوت بە هەشت دۆلار جێگیر دەکەن.
عەلی معارج، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "ئەو گرێبەستانەی لە هەرێمـ[ـی کوردستان] هەن، گرێبەستی هاوبەشە لە بەرهەمهێنان، ئێمە لە حکومەتی فیدراڵی و وەکو وەزارەتی نەوت بەلامانەوە ئەم بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت، بەو پێیەی پێچەوانەی دەستوورە. ئەو گرێبەستانەی ئێمە دەیکەین، نزیکە لە گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان، ئێمە پێی دەڵێین هاوبەشیکردن لە قازانج؛ بۆیە دەکرێت وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەمواری بکاتەوە و بیگۆڕێت بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە قازانج."
هەر بەپێی دوایین لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا، کۆمپانیاکان گرێبەستەکانیان، کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویانە، رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد.
دوو ساڵ جارێک بەگوێرەی گۆڕانکارییەکان، پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان دەکرێن، ئەمەش دوای ئەوەی رێککەوتنی کۆتایی واژۆ دەکەن.
سەبهان مەلا جیهاد، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران و زۆربەی هێزە سیاسییەکان رژدن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، چونکە ئەمڕۆ نرخی نەوت جێگیرە. بۆیە راگرتنی هەناردەی بەشێکی نەوتی عێراق کە نەوتی هەرێمی کوردستانە، بە شێوەیەکی گشتی زیانی بۆ هەموو گەلی عێراق هەیە."
"هیوادارین لە رۆژانی کەمی داهاتوودا بگەینە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان،" ئەمە قسەی وەزیری نەوتی عێراقە کە لەدوای کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە کردوویەتی.
وەزارەتی نەوتی عێراق چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستانە تاوەکو رەزامەندی نیشان بدەن ئەو لێکتێگەیشتنە بکەنە رێککەوتن کە لەنێوانیان هاتووەتە ئاراوە، بەتایبەتی لەسەر گۆڕینی گرێبەستەکان، بەمەش کۆتایی بە کێشەیەک دێت کە زیاتر لە ساڵێکە بووەتە رێگر لەبەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.