دادگەی فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە. راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "هیچ پاساوێک نەماوە و دەبێت ئەمڕۆ دادگە بڕیار بدات."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی شوباتی 2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەس چوار دۆسیەی جیاواز کۆدەبێتەوە. یەکێکیان سکاڵایەکە کە لە لایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە. سکاڵاکاران سکاڵایان لەسەر مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
 
سکاڵاکە کە تاوەکو ئێستا نۆ دانیشتنی لەبارەوە کراوە؛ دوایینیان لە 4ـی شوباتی 2024 بوو. سکاڵاکە پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
وەعد مزوری، راوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی بڕیاردان نەماوە. پێویستە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری کۆتایی بدات. هەموو رێکارە یاساییەکان تەواو بوون. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وەڵامی پرسیارەکانی دادگەکەی داوەتەوە." 
 
شەرمین خدر، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش بە رووداوی گوت، "دواخستنی بڕیاردان لەسەر ئەو سکاڵایە لەدوای کۆبوونەوەی دادگەکە کە رۆژی 4ـی ئەم مانگە بوو، بەهۆی ئەوەوە بوو دادگەکە داوای لە کۆمیسیۆن کرد ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و دابەشبوونیان بەپێی پارێزگاکانی بە لیستێک بداتێ."
 
بەپێی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، سکاڵاکە یەکێکە لەو هۆکارانەی رێکارەکانی ئەوانی بۆ هەڵبژاردن راگرتووە و خشتەی کارەکانیشی دواخستووە.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
 
یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەپێی ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، هەروەها بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بە گوێرەی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30% کەمتر نەبێت.
مادەی 36:
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت. بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات، بەڵام رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا.