یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا: هەولێر و بەغدا لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا رایدەگەیێنێت، ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و رێکخراوی (IOM)، لەبارەی رێکارەکانی ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کۆدەبنەوە. دەشڵێت: بەمزووانە 90 خێزان لە کەمپی جەدعەوە، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 
 
رۆژی شەممە 10-12-2022، عەلی عومەر، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرنامەیەکی حکومیی هەیە، بەهاوکاری رێکخراوی (IOM)، بۆ مامەڵە و کارکردن لەگەڵ ئاوارەکانی شنگال. ئەم مانگە یان مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکرێت لە نێوان حکومەتی خۆجێی نەینەوا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و رێکخراوی (IOM)، لەبارەی رێکاری ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان. 
 
کەمپی جەدعە، دەکەوێتە ناحیەی گەیارە لە باشووری پارێزگای نەینەوا. نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵ دوورە. دوو هەزار خێمەی ئاوارەکانی تێدایە.
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت: کۆی گشتی ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا، ئەوانەی لە دەرەوە یان نێو کەمپەکان دەژین، نزیکەی 650 هەزار ئاوارەیە. ئەمانە ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە، تاوەکو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 
 
عەلی عومەر گوتیشی: بەرنامەیەکی حکومیی هەیە کە وەزارەتی کۆچ ئەنجامی دەدات، بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان. "بەمزووانە 90 خێزان لە کەمپی جەدعەوە، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و گەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ ناوچەکانیان بەردەوامە." 
 
پێشتر سەعید جەیاشی، راوێژکاری کاروباری ستراتیژی لە راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و بەرپرسی دۆسیەی کەمپی هۆل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگی ئایاری ساڵی 2021وە، زیاتر لە 900 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندردراونەتەوە عێراق. 
 
دوایین کاروانى خێزانە عێراقییەکان کە لە کەمپى هۆلەوە گەڕێندرابنەوە کەمپى جەدعە، لە 18ى تشرینى یەکەمى 2022 بوو، کە ژمارەیان 152 خێزانە. 
 
کەمپى هۆل لە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان لە ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە، نزیکەى 30 هەزار هاووڵاتى عێراقى لەو کەمپەدان، کە بەشێکیان ئاوارەن و بەشێکى دیکەیان کەسوکارى چەکدارانى رێکخراوى داعشن.