قاسم ئەعرەجی: نابێت قووتی خەڵک لە کێشە سیاسییەکاندا بەکاربێت
رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەکاتی پێشوازیکردنی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی، نابێت کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەری بکاتە سەر قووتی خەڵک.
نووسینگەی ئەعرەجی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی لە نووسینگەی خۆی پێشوازیی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەعرەجی باسی لە کێشە سیاسییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کردووە کە "نابێت کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر قووتی خەڵک هەبێت، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەسەر ناکۆکییە سیاسییەکان هیچ تاوانێکیان نییە. پێویستە عێراق بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و بەهێزبوونی کوردستان لە بەرژەوەندیی عێراقدایە. جگە لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە هیچ رێگەیەکی دیکە نییە".
بەپێی راگەیێندراوەکە، "ئەعرەجی بە شاندی هەرێمی کوردستانی گوتووە ئێمە ئۆپۆزیسیۆن نین. ئێمە پیاوی دەوڵەتین و پێویستیشە کاربکەین بۆئەوەی جێگەی هەموو خەڵکی تێدا ببێتەوە".
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، ناکۆکییە سیاسییەکان نابێت کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەبێت و دەبێت کاربکەین لەسەر راستکردنەوەی هەڵەکان و رەچاوکردنی مافی هاووڵاتییان.