لە سەماوە دوو کرێکار لەنێو ئاوەڕۆدا گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو کرێکار لە نێو زێرابێکی شاری سەماوەی باشووری عێراق گیانیان لەدەستدا.
ئەحمەد جومعە خەنون، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستی موسەننا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، رووداوەکە نزیکەی کاژێر 9:30 بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناوچەی عەسافیر روویداوە،کە دەکەوێتە گەڕەکی ریسالە لە سەرەتای چوونە نێو شاری سەماوە.
سەماوە، ناوەندی پارێزگای موسەننا دەکەوێتە باشوور عێراق.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی موسەننا گوتی، ئەو کرێکارانە بۆ پاککردنەوە چوونە نێو ئاوەڕۆکە؛ بەڵام هەردووکیان لەنێویدا گیانیان لە دەستداوە.
ئەحمەد جومعە خنون گوتی، کرێکارەکان خەڵکی سەماوەن و لە کۆمپانیاکی شارەکە کاریان دەکرد.
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکە، سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی پارێزگای موسەننا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاوەڕۆکە قووڵە، ئەو کەسانە کە کرێکاری کۆمپانیای رەیحانە-ن چوونەتە نێوی، بەهۆی هەڵمژینی گازی قورسی میسان، کە لە ئەنجامی شیکردنەوەی مادە ئەندامییەکان دروستدەبێت، لە نێو ئاوەڕۆکە خنکاون.
دواتر تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتووتە شوێنەکە، هەردوو تەرمەکەیان دەرهێناوە و رەوانەی دادپزیشکی کراون.