بەربژێری سەرەکیی پۆستی سەرۆکوەزیران: بڕیارەکەی ئۆپێک بۆ عێراق دەستنادات

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پێوستی بە پارەیە بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی، بۆیە ناتوانێت بەرهەمە نەوتییەکەی کەمبکاتەوە، وەکو بەشێک لە بڕیارەکەی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس.
 
رۆژی دووشەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2022 میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە کە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمی رۆژانەی نەوت لەلایەن رێکخراوی ئۆپێکەوە بۆ عێراق دەستنادات. ئەو دەڵێت، عێراق پێویستی بەوەیە نەوتی خاوی زیاتر بفرۆشێت، تاوەکو بتوانێت ئابوورییەکەی ببووژێنێتەوە، ئەمەش لەدوای شەڕی زیانبەخشی داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکە.
 
سوودانی، پێشنیاز دەکات پشکی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوتدا لە چوارچێوەی ئەو رێکخراوە زیاتر بکرێت و ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئەوان حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنن، "داوا لە ئۆپێک دەکەین، چاو بە پشکی عێراقدا بخشێنێتەوە"، لە کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو رێکخراوەدا.
 
لە مانگی تەممووزی رابردوو سوودانی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق بەربژێر کرا، کە زۆربەی لایەنەکانی ئەو چوارچێوەیە، پێکهاتوون لەو لایەن شیعانەی لە ئێرانەوە نزیکن.
 
لە کۆتایی مانگی رابردوودا و لەدوای بڕیاری کشانەوەی موقتەدا سەدر، لە پەرلەمانی عێراق، لایەنە سیاسییەکان هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان پێکهێنا کە لە پارتە سیاسییەکانی شیعە و سوننە و کورد پێکهاتوون.
 
حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس راگەیاندووە، بەڵام بە نهێنی بەرپرسانی عێراق و هەندێک بەرپرسی وڵاتانی کەنداویش، ئاماژەیان بەوە کردووە کە دژی بڕیارەکەی ئەو رێکخراوەن.
 
رۆژی 5ی تشرینی یەکەمی 2022 وڵاتانی ئەندامانی رێکخراوی ئۆپێک بە سەرکردایەتیی سعودیە، رازیبوون رۆژانە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت کەم بکەنەوە، رەخنەگرانی ئەو بڕیارەش، بەتایبەتی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەو کەمکردنەوەیە، بە واتای بەرزکردنەوەی زیاتری نرخی وزەیە، بەمەش هاوکاریی رووسیا دەکات لە جەنگەکەی دژی ئۆکراینا.
 
بەگوێرەی بەیاننامەکەی هەفتەی رابردووی ئۆپێک پڵەس، پێویستە لەسەر عێراق 220 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کەمبکاتەوە و لەو ئاستەش تاوەکو ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت.
 
عێراق، دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک و رۆژانە 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
 
لە رابردووشدا، بەغدا رایگەیاندبوو، لە پلانیدایە تاوەکو ساڵی 2017 بەرهەمی رۆژانەی بۆ شەش ەملیۆن بەرمیل نەوت زیاد بکات و وەکو زۆربەی وڵاتانی ئەندام، عێراقیش زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی خۆی نەوتی بەرهەمهێناوە.
 
وڵاتانی ئەندام لەو رێکخراوە بە نهێنی درکاندوویانە، بڕیارەکەی هەفتەی رابردووی ئۆپێک، کە گەورەترین کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بووە، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکاریی رووسیا لە بازاڕە جیهانییەکان دەکات و هەوڵێکیشە لەلایەن وڵاتانی ئەندام کە رووسیا لەو کێشە سیاسی و ئابوورییانە رزگار بکات، کە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا رووبەڕووی بووەتەوە.