لە نەخۆشخانەیەکی سەلاحەددین منداڵی ئافرەتێک دەگۆڕدرێت؛ کوڕی بووە کچیان داوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لە نەخۆشخانەیەکى پارێزگاى سەلاحەددین منداڵێکى دەبێت کە بەر لەوە پشکنینى بۆ کراوە کوڕ بووە، بەڵام دواتر منداڵێکى کچى رادەست دەکەنەوە، ژنەکە ئامادە نییە منداڵە کچەکە وەریبگرێت، دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکەن. پشکنینى دى ئێن ئەى بۆ ژنەکە و مێردەکەی و ئەو منداڵە کراوە کە ئامادەنین وەریبگرنەوە.
ئەو رووداوە لە نەخۆشخانەى ئەهلى عێراقى لە سەلاحەددین بووە، کاتێک رۆژی یەکى ئەیلوول ژنێکى خەڵکى قەزاى بەلەد منداڵێکى بووە و دواى دوو رۆژ منداڵێکیان رادەست کردووە، بەڵام ئامادە نەبووە وەریبگرێت و بەپاساوى ئەوەى منداڵەکەى گۆڕدراوە و دەڵێت، ئەو کوڕى بووە، بەڵام منداڵێکی کچیان رادەست کردووە.
یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەددین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەگەڵ کەرتى تەندروستى قسەیان کردووەو رووداوەکە بەو شێوەیە بووە کە ئەو منداڵە بەر لە لەدایکبوونى پشکنینى بۆ کراو و کوڕ بووە و دواى لەدایکبوونیشی پشکێنراوەو هەمان رەگەز بووە، بەڵام دواى دوو رۆژ کچێکیان بۆ ئافرەتەکە هێناوە.
یاسین داوودى گوتى: "دۆسیەى لێکۆڵینەوە لەو پرسە دراوەتە دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق، کەسوکارى سەرجەم ئەو منداڵانەش ئاگادار کراونەتەوە کە ئەو رۆژە لەو نەخۆشخانەیە لەدایک بوون، کە نابێت دوور بکەونەوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتایی دێن".
10 رۆژ تێپەڕ بووە بەسەر ئەو رووداوە، بەڵام ئافرەتەکە ئامادە نییە منداڵە کچەکە وەربگرێت، بۆیە منداڵەکە هێشتا لە نەخۆشخانەیە.
د. خالید بورهان، بەرێوەبەرى گشتى تەندروستیى سەلاحەددین بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پشکنینى دى ئێن ئەى بۆ دایک و باوکەکە و ئەو منداڵەش کراوە کە دەڵێن هى ئێمە نییە و گۆڕدراوە، پشکنینەکان نێردراون بۆ بەغدا و بەگوێرەى ئەنجامی پشکنینەکان بڕیار لە دۆسیەکە دەدرێت."