ئەنجوومەنى پشتیوانى هەڵەبجە لە بەغدایە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانى ئەنجوومەنى پشتیوانى هەڵەبجە سەردانى بەغدا دەکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسى لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پەسندکردنى یاسای بەپارێزگابوونى هەڵەبجە.
شاندى ئەو ئەنجوومەنە کە لە نوێنەرانى شارەکە پێکهاتوون، رۆژی دووشەممە، 9ى ئەیلوول سەردانى بەغدایان کرد و لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆککۆمار، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق و عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە کۆبوونەوە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى هەڵەبجە کە ئامادەى کۆبوونەوەى شاندى ئەو ئەنجوومەنە بوو، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، شاندەکە یاداشتێکیان دایە سەرۆککۆمار و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان لە بارەى پەسندکردنى یاسا بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەوە.
لە 18ـی ئەیلوولى 2023ەوە زیاتر لە چوار جار دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لە پەرلەمانى عێراق خرایە کارنامەوە و دواتر دواخرا.
چرۆ حەمە شەریف گوتی، شاخەوان عەبدوڵڵا بەڵێنى دا بەر لە پشووى وەرزى زستانەى ئەم ساڵ پڕۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە.
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە؛ یەکەم مادە باسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات وەک نۆزدەیەمین پارێزگاى عێراق کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت، مادەى دووەمیش ئاماژەى بەوە داوە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکە دیاری بکات.
ئەندامەکەى پەرمانى عێراق گوتى: "داوامان کردووە نوێنەرانى ئەو ئەنجوومەنە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا کۆببنەوە".
ئەو ئەنجوومەنە بۆ بەرێکرکردنى کاروبارى هەڵەبجەیە، 17 ئەندامى هەیە و 11یان لە نێو ئەو شاندە بوون کە سەردانى بەغدایان کردووە.