داوای لێکۆڵینەوە لە کوشتارگەی کەمپی ئەشرەف دەکرێت

رووداو ـ زەمان

وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند" فرانس تیمرمانس، وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا، کۆمەڵێک کێشەى پەیوەست بە مافەکانى مرۆڤى لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى عێراق تاووتوێکردووە".
 
چەند سەرچاوەیەکى سیاسی لەبرۆکسل بە رۆژنامەى زەمانیان راگەیاند" تیمرمانس بەسفەتى نێردراوى یەکێتى ئەوروپا سەردانى بەغداى کردووەو داواى لە مالیکى، کردووە رێگا بدات لێکۆڵینەوەى نێودەوڵەتی لەسەر کوژرانى 52 ئەندامى رێکخراوى موجاهیدینى خەڵق بکرێت".

وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا بە بەرپرسانى عێراقی راگەیاندوە " پەنابەرانى کەرمپى ئەشرەف بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، پارێزراون".

رێکخراوى موجاهیدینى خەلق داوایکرد هێزێکى ئاشتى پارێزى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەربازگەکە جێگیر بکرێت، هاوکات هێزە ئەمنیەکانى عێراقیشی بەئەنجامدانى ئەم کوشتارگەیە تاوانبارکرد.

سەرکردە سەربازیەکانى عێراق دووپاتیانکردەوە ئەم کوشتارگەیە لەئاکامى شەڕێکى ناوخۆى ناو کەمپەکەدا روویداوە. 

پەرلەمانتار ئاورى، لەبرۆکسل گوتى "پێویستە نەتەوە یەکگرتوەکان لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکات و ئەنجامدەرانى وەک تاوانبارانى جەنگ بداتە دادگا".

لای خۆیەوە، کاترین ئاشتون، بەرپرسی کاروباری دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا داواى لەدەسەڵاتدارانى عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان کرد بەخێرایی لێکۆڵینەوە لەم کوشتارگەیە بکەن.

رژێمى سەدام رێگاى بە رێکخراوى موجاهیدینى خەلق دا لەسەربازگەى ئەشڕەف نیشتەجێبن، بۆ ئەوەى هاوکارى بکەن لەجەنگى عێراق ئێران لەساڵى 1980 ـ 1988.

دواى داگیرکردنى عێراق لەلایەن وڵاتە یەکگرتوەکان لەساڵی 2003، ئەمریکییەکان ئاسایشی ئەو سەربازگەیەیان لەئەستۆ گرت، تاوەکو ساڵى 2010.
 
رێکخراوى موجاهیدنى خەڵق لەساڵى 1965 دامەزراوە، بەئامانجى رووخاندنى رژێمى شاى ئێران و ئێستاش کاردەکەن بۆ رووخاندنی رژێمى ئیسلامى.