ریکلامکردن بۆ دەرمانى جوانکاریى بێمۆڵەت لە هونەرمەندانى عێراق قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
سەندیکاى هونەرمەندانى عێراق ریکلامکردن بۆ دەرمانی بێمۆڵەتی جوانکاری لە هونەرمەندان قەدەخە دەکات و دەڵێت، هەر هونەرمەندێک پابەند نەبێت رێوشوێنى یاسایی لە دژی دەگرێتەبەر.
ئەو هۆشدارییەى سەندیکاکە لە رێگەى نووسراوێکەوە بووە کە 9ى کانوونى یەکەم بۆ هونەرمەندانى ناردووە. لە نووسراوەکەدا هاتووە، "نابێت هونەرمەندان لەو ریکلامانەدا دەربکەون کە بۆ هەر بەرهەمێکى پزیشکى یان جوانکاریى دەکرێن، ئەگەر مۆڵەتى وەزارەتى تەندروستى نەبێت".
ئەو بڕیارەى سەندیکاى هونەرمەندانى عێراق لەسەر داواى سەندیکاى دەرمانسازانى عێراق بووە.
د. حەیدەر فوئاد، نەقیبى دەرمانسازانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو دوایەیان بۆ پاراستنى هاووڵاتییان بووە بە هۆى ئەوەى هەندێک دەرمان و گیراوە بۆ جوانکاری و لاوازبوون بەکاردەهێندرێت کە سەرچاوە و پێکهاتەکەى نەزانراوە و لە رێگەى ریکلامکردن بۆى؛ هاووڵاتییان "چەواشە" دەکات.
مادەى 17ى یاسای پیشەى دەرمانسازیى عێراق رێگرى دەکات لە ریکلامکردن بۆ دەرمان ئەگەر ئاماژە بە کاریگەریی لاوەکى بەکارهێنانى نەدرێت.
د. حەیدەر فوئاد رایگەیاند، پێویستە ئەو دەرمانانەى ریکلامیان بۆ دەکرێت کاریگەریی لاوەکییان باس بکرێت و مۆڵەتپێدراو بن لە لایەن وەزارەتى تەندروستییەوە.