لە رووداوێکى هاتووچۆدا لە نەینەوا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکى هاتووچۆدا لە نەینەوا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا، کە دوانیان منداڵن و دوو کەسی دیکەیان برای یەکن، تەنیا یەک منداڵ لە سەرنشینانى دوو ئۆتۆمبێلەکە بە بریندارى رزگاری بووە کە دۆخى تەندروستی ناجێگیرە.
10ـى ئایارى 2023، سەعد خیتابی، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەرگریى شارستانیى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەهۆى پێکدادانى نێوان دوو ئۆتۆمبێل کە یەکێکیان تایبەت و ئەوى دیکەیان تەکسى بووە، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە کە دوانیان منداڵى یەک خێزانن، دوو کەسی دیکە کە برا بوون لەگەڵ ئامۆزایەکیاندا گیانیان لەدەستداوە."
سەعد خیتابی گوتیشى: "یەک منداڵ لە سەرنشینانى دوو ئۆتۆمبێلەکە رزگاری بووە، کە بریندارە و رەوانەى نەخۆشخانە کراوە، بەڵام دۆخى تەندروستى ناجێگیرە".
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق؛ رووداوەکە لە ناوچەى حەمام عەلیل لە شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا روویداوە و بە کۆسەرە پارچەى ئۆتۆمبێلەکان بڕدراونەتەوە تاوەکو تەرمى ئەو کەسانە دەربهێنن کە بەهۆى رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەى ئامارێکى وەزارەتى پلاندانانى عێراق؛ لە ساڵى 2022دا زیاتر لە 11 هەزار رووداوى هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە و بەهۆیەوە سێ هەزار و 21 کەس گیانیان لەدەستداوە.