وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: یارمەتیی ئەوانە دەدەین دەیانەوێت کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق کەمبکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژە بە هەڕەشەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بۆسەر عێراق دەکات و دەڵێت، خەریکە خەڵکی خوارووی عێراق سەرچاوەکانی بژێوییان لەدەستدەدەن.
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەینی تویتێکی لەسەر کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق کردووە و دەڵێت: "دەکرێت زۆنگاوەکانی عێراق نموونەی باخچەکانی عەدەن بووبن، بەڵام ئێستا مەترسیی ئەوە هەیە میزۆپۆتامیا ببێتە وڵاتێک کە ئیدی رووباری پێدا تێنەپەڕێت. ئەو خەڵکەی چەندین نەوەیان لەوێ ژیاون، ئێستا بە بەرچاویانەوە نەمانی ئاو دەبینین کە سەرچاوەی بژێوییانە".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی عێراق کارێکی ئەوتۆی نەکردووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و لەو بارەوە دەڵێت: "لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا ئاستی ئاو لە زۆنگاوەکان زۆر کەمبووەتەوە. کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا لە عێراق نابینرێن، بەڵکو هۆکارەکانیشی دەبینرێن، لەوانەش سووتاندنی سووتەمەنی نەریتی".
بێربۆک باس لە هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق دەکات و نووسیویەتی: "ئێمە تەنیا لە رێگەی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانییەوە یارمەتیی خەڵک نادەین، بەڵکو یارمەتیی ئەو کەس و رێکخراوانەش دەدەین کە لە عێراق کار دەکەن بۆ ئەوەی دارستانی زیاتر هەبن، ئاو باشتر بەکاربهێنرێت و وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەوەکان بکرێت. خەڵکی زۆر لەو نەوتە گرنگترە کە لەژێر رووی خاکدایە".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی 7ـی مانگ چووە عێراق و لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی و فوئاد حوسێن کۆبووەوە. دواتر سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بێربۆک دواتر چووە دهۆک و لە نزیکەوە ئاگاداری ژیانی کوردانی ئێزدیی ئاوارە بوو و رۆژی پێنجشەممەش سەردانی شنگالی کرد.
ئەم تویتەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، چەند ساڵێکە تورکیا و ئێران دەستیان بە دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەسەر ئەو رووبارانە کردووە کە دەڕژێنە نێو عێراق، وەک رووبارەکانی دیجلە و فورات. لە هەمان کاتدا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان و عێراق کەمبووەتەوە و ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبووە.
رۆژی 5-3-2023 سەلاح حاج حەسەن، نوێنەری رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی لە کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر باشووری کوردستان و عێراق کرد و گوتی: "بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی بارانبارین، زیادبوونی خۆڵبارین بوونەتە بابەتی راستەقینە و کاریگەرییان هەیە. هەموومان لەبیرمانە کە ساڵی رابردوو چڕی و بەردەوام دووبارەبوونەوەی خۆڵبارین بووە هۆی راگرتنی کار لە عێراق بۆ چەند رۆژێک و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان. حکومەت ناچار بوو کە بەو هۆیەوە چەند رۆژێک بکاتە پشوو".