ئەندامێکی ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین: بڕیارى بەکارهێنانى زمانى تورکمانى نایاساییە

10-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین رەزامەندى لەسەر بەکارهێنانى زمانى تورکمانى لە نووسراوە فەرمییەکان دا دەرکرد، بەڵام ئەندامێکى کوردى ئەنجوومەنەکە دەڵێت، ئەو هەنگاوە "نایاسایی" بووە و پێویستى بە دەنگدانە لە ئەنجوومەنى پارێزگا.
 
داواکاریی بەکارهێنانى زمانى تورکمانى لە نووسراوە فەرمییەکانى سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین لەلایەن عاتف نەجار، ئەندامى تورکمانى ئەنجوومەنەکەوە پێشکێش کرابوو. عادل سمێدعى، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا لە 9ى شوباتى 2025، رەزامەندیى لەسەر داوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ى شوباتى 2025، یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو رەزامەندیدانەى سەرۆکى ئەنجوومەن نایاساییە، ئەو پرسە پێویستى بە دەنگدانە لە ئەنجوومەنى پارێزگا، کە زیاتر لە مانگ و نیوێکە کۆنەبووەتەوە".
 
کۆنەبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا پەیوەندیدارە بە ناکۆکیى نێوان عادل سمێدعى، سەرۆکى ئێستا ئەنجوومەنەکە و عەلى عەبدولجەبار، کە 10ى تشرینى دووەمى 2024 وەک سەرۆکى نوێى ئەنجوومەن هەڵبژێردرا، بەڵام بڕیارێکى فەرمانسالارى دادگەى کارگێرى، عادل سمێدعى بەکاتى گەڕاندەوە بۆ پۆستەکەى، تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵایەکى لە دژى هەڵبژاردنى جێگرەوە بۆى لەو دادگەیە یەکلا دەبێتەوە. 
 
یاسین داودى ئاماژەى بەوە دا، 12ى شوبات دادگەى کارگێڕى ئەو سکاڵایە یەکلا دەکاتەوە کە عەلى سمێدعى پێشکێشى کردووە.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین 15 ئەندامن، هەشت ئەندامیان دژى عادل سمێدعى، سەرۆکى ئێستاى ئەنجوومەنن، بەو هۆیەوە ئەنجوومەنەکە کۆنابێتەوە. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە