رووداو دیجیتاڵ
تانەى دژی سێ یاسا لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، سوننەکانى یەکخست و دەسەڵاتى دادوەریى کردە دوو بەشەوە. زۆربەى سکاڵاكان، هەمووارى یاسای لێبوردنى گشتییان کردووەتە ئامانج کە بەگوتەى پارێزەرى یەکێک لە سکاڵاکان، بەهۆیەوە "بازرگانى مادەى هۆشبەر ئازاد دەکرێت."
هەمووارى هەردوو یاساى لێبووردنى گشتى و بارى کەسى، لەگەڵ یاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان کە بە 12 بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی شۆڕشى پێشووى عێراق داگیرکراون، ئەو سێ یاسایەن کە زیاتر لە 20 پەرلەمانتار بە 5 سکاڵا، تانەیان لێداون.
سێشەممە، 11ـی شوبات، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتن بۆ تاوتوێکردنى سکاڵاکان دەکات، دواى ئەوەى لە 4ـی هەمان مانگ فەرمانسالارییەکى دەرکرد بۆ ئەوەى جێبەجێکردنى ئەو سێ یاسایە، رابگیرێت.
لەو سکاڵایانەدا دەنگدان بە سێ یاساکە لەیەک سەبەتەدا بە "نادەستوورى" دەزانرێت، سیان لە سکاڵاکان بە دیاریکراوى تانەیان لە چەند مادەیەکى هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى داوە.
عەلى تائی، پارێزەرى یەکێک لەو پێنج سکاڵایە لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق، دەنگدانی پەرلەمانی بە هەرسێ یاساکە پێکەوە بە "بیدعە" ناو برد و رەخنەى لە یاساى هەمووارى لێبوردنى گشتى گرت.
عەلی تائی باسی ئەوەی کرد "ئەو ماددەیەى پەیوەندیدارە بە مادەى هۆشبەر، دەڵێت ئەوەى 50 گرام و کەمتر مادەى هۆشبەرى پێگیرابێت، لێبووردنەکە دەیگرێتەوە. لەکاتێکدا زۆربەى بازرگانانى مادەى هۆشبەر کە دەستگیر دەکرێن، هیچ بڕە ماددەیێکى هۆشبەریان پێ ناگیرێت، بەوەش یاسای لێبووردنى گشتى دەیانگرێتەوە."
هەمووارى یاسای لێبووردنى گشتى، داواکاریى سوننەکان بوو، بڕیارى راگرتنى کارکردن پێى لەلایەن دادگەى فیدراڵییەوە، وایکرد لایەنە سوننەکان یەکهەڵوێست بن لەدژى، وەکو ناڕەزایی دەربڕینێکیش، لە 5ـی شوبات لە ئەنبار، نەینەوا و سەلاحەدین کە سێ پارێزگاى زۆرینە سوننەن، رۆژێک کرایە پشوو.
بڕیارەکە، کێشەى خستە نێو دەسەڵاتى دادوەریی عێراقیشەوە، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى لەدژى بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى وەستایەوە و گوتى "ناکرێت یاسایەک رابگیرێت کە نەچووبێتە بوارى جێبەجێکردنەوە."
ئەو کەسانەى بەگوێرەى هەمووارى یاسای لێبووردنى گشتى ئازاد دەکرێن، ئەوانەن؛ سکاڵاکار یان کەسوکارى تاوانلێکراو سازشیان لە سکاڵاکەیان کردبێت، ئەوانەى بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى کێشەکانیان چارەسەر کراوە، کەسێک لەسەر دۆسیەى گەندەڵى سزادراو بێت و ئەو پارەیەى بردوویەتى یان بووبێتە هۆى زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵى گشتى، گەڕاندبێتییەوە، ئەو کەسەى کەمتر لە 50 گرام مادەى هۆشبەرى پێگیرابێت.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژى وەزارەتى دادى عێراق لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق، ئاماژەى بەوە دا جێبەجێکردنى ئەو یاسایە، کاریگەرى لە سەر کەمکردنەوەى قەرەباڵخیی گرتووخانەکان دەبێت، کە ئێستا رێژەکەى گەیشتووتە 200%.
ئەحمەد لعێبی گوتى "هەموو حوکمدراوان داواکاریى پێشکێش دەکەن بۆ ئەوەى ئەو لێبووردنە بیانگرێتەوە و چاوەڕێى بڕیارى دادگەکان دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ