فراکسیۆنەکەى سوودانى: هیوادارین هەولێر دەستپێشخەری بکات بۆ بەجێکردنى مووچە لە بەغدا

10-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنى رەوتەکەى محەممەد شیاع سوودانى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، پرسەکان ئاڵۆز بوون و هیوادارن هەولێر دەستپێشخەری بکات بۆ بەجێکردنى مووچە لە بەغدا.
 
9ى شوباتی 2025 فراکسیۆنى فوراتەین لە پەرلەمانى عێراق، کە محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکیەتی، لە راگەیێندراوێکدا داواى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد، هاوکارى لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى بەهێز بکەن و چارەسەر بۆ هەموو پرسەکان بدۆزرێتەوە لە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان و دەڵێت، "واى دەبینین پرسەکان ئاڵۆز بوون، بەهۆى ئەوەى برایانمان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوکار نین."
 
ئەو فراکسیۆنە دوو کورسیی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، کە سەر بە رەوتى فوراتەینە و محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران، ئەمیندارى گشتى رەوتەکەیە.
 
ئەو فراکسیۆنە هیواى خواستووە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستپێشخەری بکات بۆ بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە بەغدا و، لیستى مووچەکانیان رەوانەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵى بکەن.
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە:"هیوامان وایە برایانمان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو پەڕى نەرمى و هاریکارى جدى بنوێنن لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى لە پێناوبەرژەوەندى گشتى تاوەکو پرسەکان بە رێکوپێکى و بەبێ ئاڵۆزى و دواکەوتن بەڕێوە بچن."
 
ئەو کاردانەوەیەى فراکسیۆنى فوراتەین دواى ئەوە هات کە هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار رایگەیاند، لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵاى لەسەر سەرۆکوەزیران، سەرۆکى پەرلەمان و وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ تۆمار کردووە لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە