گۆڕانکاری لە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکى شانەی ئەمنیی عێراق کرا و هەریەک لە گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان و سەرۆکى شانەکە گۆڕدران. هەروەها بەڕێوەبەری راگەیاندنی پێشمەرگەش دەبێتە ئەندامی شانەکە. 
 
سەرچاوەیەکى ئەمنیی باڵا لە بەغدا کە نەیوست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە رووداوى راگەیاند، "لیوا سەعد میعەن کراوەتە سەرۆکى شانەى راگەیاندنى ئەمنى، سەباح نوعمان کراوەتە گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزى چەکدارەکانى عێراق".
 
لە 27ى تشرینى دووەمى 2023ەوە، لیوا تەحسین خەفاجى، لە جێگەى لیوا سەعد میعەن کرابووە سەرۆکى شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق.
 
 سەباح  نوعمان، گوتەبێژى پێشووى دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق لە برى لیوا یەحیا رەسوول پۆستى گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى وەرگرتووە.
 
لیوا تەحسین ئیبراهیم سادق دەبێتە بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری و جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی.
 
ئەرکى هەردوو پۆستە نوێیەکە بڵاوکردنەوەى زانیاری و راگەیێندراوى رۆژنامەڤانى تایبەت بە پرسە ئەمنییەکانە کە پەیوەندارن بە وەزارەتى بەرگری و ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکانى دیکە. 
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە، شوێنی کارکردنی لە فەرماندەیی ناوبراو دەبێت و نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی دەکات. هەر یەک لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ پشتیوانی لۆجستی پێشکەش بە شانەکە دەکەن.
 
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە 31ى کانوونى دووەمى 2018 بەگوێرەى بڕیارێکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران پێکهێنراوە. 
 
شەش نوێنەر وەک ئەندام بۆ شانەى راگەیاندنى ئەمنى زیادکراون لەوانە؛ نوێنەرانى نووسینگەى سەرۆکوەزیران، فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، بەڕێوەبەرانى راگەیاندنى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا، فیرقەى تایبەت، وەڵامدانەوەی خێرا و نوێنەرێکى دیکەى وەزارەتى ناوخۆ جگە لە گوتەبێژەکەیان.
 
بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکان، ئەندامانی شانەکە پێکدێن لە: 
 
- حوسێن عەلاوی خەلیفە/ نووسینگەی سەرۆکوەزیران
- لیوا مازن شوکور/ فەرماندەیی هاوبەشی عەمەلیات
- گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ
- بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆک ئەرکانی سوپا
- بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنی دەروونی/ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق
- گوتەبێژی دەزگای دژەتیرۆر
- بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
- بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی
- بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی وشکانی
- بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەغدا
- بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی
- بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی فیرقەی تایبەت
- بەڕێوەبەری راگەیاندنی هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا/ وەزارەتی ناوخۆ
- بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
- یوسف عەبادی محەممەد/ وەزارەتی ناوخۆ
 
ئەرکەکانی شانەی راگەیاندن:
 
- پەیامی راگەیاندن بۆ گەلی عێراق سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و روونکردنەوەی رووداوە ئەمنییەکان لە عێراق.
 
- رووبەڕووبوونەوەی دەنگۆ و پڕوپاگەندەی دژ بە هێزە ئەمنییەکان و کارکردن و بەڕێوەبردنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق.
 
- ئاسانکاری بۆ پەیوەندی لەگەڵ هێزە هاوبەشەکانی عێراق و رووماڵکردنی رووداوە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ دەزگاکانی راگەیاندنی عێراقی و عەرەبی و بیانی.
 
- دەرکردنی بڵاوکراوە و ئامارەکانی تایبەت بە راگەیێندراوە سەربازی و ئەمنییەکان.
 
- هاوئاهەنگی هاوبەش لەنێوان وەزارەت و دەزگا و دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ یەکخستنی گوتاری ئەمنی.