چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دابەشبکرێت
رووداو دیجیتاڵ
زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەندەی لایان گرنگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابەشبکرێت، ئەوەندە گرنگی بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە نادەن کە ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە، تاوەکو کێشەی مووچەخۆران چارەسەر بکەن.
محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری عەسائیبی ئەهلی حەق، رایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم[ـی کوردستان]ـین، هەر وەکو چۆن مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی دەدرێت، بەڵام دەبێت ئەمە لە رێگەی ماستەر کارتەوە بێت و راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە مووچەی فەرمانبەران دابەش بکرێت، چونکە لەبودجەدا جێگەی مووچە کراوەتەوە کە لەچوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستاندایە، لە بودجەدا بەڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە کراوە و بڕەکەشی دیاریکراوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، محەممەد شیاع سوودانی بە شاندی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی کوردیشی گوتووە، هەمواری یاساکە بەمزوانە تەواو دەکەن و "ئیدی رازیکردنی فراکیسیۆنە شیعە و سوننەکانی نێو پەرلەمان لە ئەستۆی خۆتاندایە و دەبێت چارەی بکەن تا کەس نەبێتە بەربەست لەبەردەم هەموارکردنەوەی."
بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "توانیومانە ئەو واقیعەی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە کە دۆخی مووچەخۆران دۆخی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زۆر زۆر خراپە پێویستە هەرچی زووە پەلە بکرێت لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، کە بەشێوەیەک بێت گرفتی مووچە چارەسەر بکات، بێگومان سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم واقیعە گەیشتووە و زۆر جدییە بۆ هەموارکردنەوەی، بەڵام ئەمە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا نییە بەڵکو دەبێت ئەمە لەنێو پەرلەمانەوە چارەسەر بکرێت."
ئەگەر هەمواری یاسای بودجە سەربگرێت و مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی راستەقینە جیابکرێتەوە، مانگانە 913 ملیار دینار دیاریکراوە تا لە ساڵی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.