لەسەر "دزیی سەدە" فەرمانى دەستگیرکردن بۆ فەرمانبەرێکى دەستەى دەستپاکیى عێراق دەرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانى دەستگیرکردن بۆ دوو فەرمانبەرى دەستەى دەستپاکیى عێراق دەرکرا، بەتۆمەتى بەرتیل وەرگرتن، یەکێکیان دەستى لە دۆسیەى "دزینی 3.7 ترلیۆن دینارەکەى بانکى رافیدەین هەبووە" کە بە "دزیى سەدە" ناسراوە.
 
رۆژی 10ى کانوونى دووەمى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخى تایبەت بە دۆسیەکانى دەستپاکى، بە تۆمەتى بەرتیل وەرگرتن، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دوو کارمەندى ئەو دەستەیە دەرکردووە.
 
دەستەکە ئاماژەى بەوە داوە، یەکێک لەو فەرمانبەرانەى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە، لەگەڵ هاوژینەکەى کە ئەویش پێشتر فەرمانبەر بووە لە دەستەى دەستپاکیى ئێستا هەڵاتوون، تۆمەتى بەدەستهێنانى سامانی بە شێوەیەکى ناڕەوا ئاراستە کراوە.
 
بەگوێرەى راپۆرتى لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکانی لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق کە تۆڕى میدیایی رووداو لە 14ى کانوونى دووەمى 2022 بڵاویکردەوە، ئەو فەرمانبەرەى دەستەى دەستپاکى راسپێردراوە بۆئەوەى پێشینەى چەکى یەکەمى ئەو پارە "دزراوانە" ببات بۆ دەستەى دەستپاکى، کە لە بانکى رافیدەین براون و بڕەکەى 3.7 ترلیۆن دینار بوو، بەڵام دواى مانگێک داواى مۆڵەتى پێنج ساڵى کردووە و ئەوەش بەپێى راپۆرتەکە جێگەى گومان بووە.
 
پارەکەی بانکی رافیدەین لە هەژمارى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باجى عێراق لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 تاوەکو ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براوە.
 
دەستەى دەستپاکى ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەرمانبەرەکەى دیکەى ئەو دەستەیە کە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە، بە شێوەیەکى نایاسایی پارەى وەرگرتووە.
 
هەردوو فەرمانبەرەکەى دەستەى دەستپاکى بە تۆمەتى کۆکردنەوەى سامان بە شێوەى ناڕەوا و بەرتیل وەرگرتن فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى دەستەى دەستپاکى، ئەو دوو کەسە کە فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، ئێستا لە تورکیان.