پۆلیسی دیالە: لە شارەبان پۆلیسێک بە قەنناسی داعش کوژرا

رووداو – هەولێر

پۆلیسێک لە سنوورى قەزاى شارەبان لە دیالە بە قەناس کوژرا کە تەمەنى  53 ساڵان بووە، گوتەبێژى پۆلیسی پارێزگاکەش دەڵێت، ئەو پۆلیسە لەلایەن چەکدارانى داعش کوژراوە.
 
رۆژی 10ى کانوونى دووەمى 2023، عەمید نیهاد محەممەد، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "شەوى رابردوو لە سنوورى قەزاى شارەبان پۆلیسێکى بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دیالە لەلایەن چەکدارانى داعشەوە بە قەنناس تەقەى لێکراوە و کوژراوە."
 
گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دیالە ئاماژە بەوە دەدات کە پۆلیسەکە خەڵکى دیالە بووە و دواى رووداوەکە فەرماندەى پۆلیسی دیالە و هێزێک چوونەتە ئەو شوێنەى کە تەقەکەى لێکراوە "بەمەبەستى راوەدوونانى ئەو چەکدارانە."
 
بەگوێرەى راگەیێندراوی پۆلیسى دیالە، لەبارەى ئەو روداوەوە کە ئاڕاستەى وەزارەتى ناوخۆى عێراقى کردووە و دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە "ئەو پۆلیسە کاژێر 11:40 خولەک کوژراوە و هێرشەکە لەلایەن ژمارەک چەکدارى داعشەوە ئەنجامدراوە لەدژى خاڵێکى چاودێریی پۆلیس لە گوندى بینکانی سنوورى شارەبان."
 
پۆلیسە کوژراوەکە ناوى حەسەن ئەحمەد جەبارەیە و تەمەنى 53 ساڵە.