دیمەنی ئەشکەنجەدانی منداڵێک لە بەغدا بڵاودەبێتەوە و کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دیمەنی "هەڵواسینی" منداڵێک لە بەغدا بڵاودەبێتەوە و تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ دەکات.
دوێنێ دیمەنێکی ڤیدیۆیی بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بڵاوبووەوە، تێیدا لە شوێنێکی کارکردن لە شاری بەغدا منداڵێک "ئەشکەنجە دەدرێت."
لە دیمەنەکەدا دیارە چەند کەسێک لە دەوری منداڵەکەن و پەتیان خسووەتە ملی و دەیانەوێت هەڵیبواسن.
عەمید حوسێن عەلی، گوتەبێژی پۆلیسی بەشی رەسافەی شاری بەغدا بە رووداوی گوت، رووداوەکە لە سنووری بەرپرسیاریێتیی ئەوان روویداوە.
عەمید حوسێن عەلی گوتی، بەدواداچوونیان کردووە و بۆیان روونبووەتەوە رووداوەکە لە شەقامی رەشیدی شاری بەغدا بووە، بەڵام زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر بووە.
منداڵەکە ناوی عەلی حەسەنە.
هاوکات سرووە محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان، خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانە رووداوی لەم شێوەیە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دووبارە دەبنەوە."
جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان، خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، تاوەکو ئێستا یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی منداڵ نییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 3 ساڵە پڕۆژە یاسای پاراستنی منداڵان لە لیژنەکەیانە و تاوەکو ئێستا فراکسیۆنەکان رێکنکەوتوون بۆ ئەوەی پەسند بکرێت.
لە گرتەیەکی دیکەی ڤیدیۆییدا جێگری فەرماندەی پۆلیسی رەسافە، لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی دەردەکەوێت، کە چوونە شوێنی رووداوەکە، دوای ئەوەی منداڵەکەیان دۆزیوەتەوە، پرسیاری لێدەکەن.
لە ڤیدیۆی دووەمدا، داپیری منداڵەکە دەنگی دەبیسترێت کە دەڵێ عەلیی نەوەی دوو هەفتە لەو شوێنە کاری کردووە و ئەوان "زیاتر وەک گاڵتە وایان لە منداڵەکە کردووە چونکە کەمێک هارەبوونی کردووە." داپیرەکە هەروەها دەڵێ، ئەوانەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون شاگرد بوون لەو شوێنە نەوەک خاوەنکار و، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیاندا نییە و گرتە ڤیدیۆییەکە کۆنە."