وەزارەتی ناوخۆی عێراق: پیاوێک بە هاوکاریى هاوژینى یەکەمى، منداڵى هاوژینى دووەمى فرۆشتووە


رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەکانى فیدراڵیى سەربە وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، پیاوێکیان دەستگیرکردووە کە بە هاوکاریى هاوژینى یەکەمى، هەوڵى داوە منداڵى هاوژینى دووەمى بە 37 ملیۆن دینار بفرۆشێت، ئەو پیاوە لە دانپێدانەکانیدا دەڵێت: "ئەو منداڵەى هاوژینى دووەم لە من نەبووە، ئەوەش بە پشکنین دەرکەوتووە".
 
رۆژی 9ى تشرینى دووەمى 2022، ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەکانى فیدراڵیی سەربە وەزارەتى ناوخۆى عێراق تۆمارى ڤیدیۆیی دانپێدانانى ژن و پیاوێکی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
 
پیاوەکە تەمەنى 42 ساڵە و دوو هاوژینى هەبووە، بەگوێرەى دانپێدانانەکانى، بە هاوکاریى هاوژینى یەکەمى هەوڵى فرۆشتنى کچە منداڵەکەى هاوژینى دووەمى داوە بە باندێکى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
 
پیاوەکە لە دانپێدانانەکەدا دەڵێت: "کێشەم لەگەڵ هاوژینى دووەمم هەبوو، بەگومان بووم لەوەى کە ئەو منداڵەى لەو هاوژینەم بووە، هى من بێت، پشکنینمان بۆ کرد، منداڵەکە هى من نەبووە."
 
لە بەشێکى دیکەى دانپێدانانەکەدا ئەو پیاوە ئاماژە بەوە دەکات کە لە دواى 20 رۆژ لە لەدایکبوونى، هەوڵى فرۆشتنى منداڵەکەى داوە، بەوپێیەى بەگوتەى خۆى، رەتیکردووەتەوە کە دانى پێدابنێت وەک منداڵى خۆى و دەڵێت: "لە رێگەى کەسێکەوە پەیوەندیم کرد بە باندێکى بازرگانیى ماددەى هۆشبەر و رێککەوتین بە 37 ملیۆن دنیار منداڵەکە بفرۆشم." 
 
هاوژینى یەکەمى ئەو پیاوە لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت: "بەهۆى بوونى کێشە لەگەڵ هاوژینى دووەمم پێویستمان بە پارە بوو بۆ مارەییەکەى بەمەبەستى جیابوونەوەیان".
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەکانى فیدراڵی، ئەو پیاوە لەگەڵ هاوژینى یەکەمى لەکاتى هەوڵى فرۆشتنى منداڵەکە دەستگیرکراون و منداڵەکەش رادەستى دایکى کراوەتەوە.
 
بەگوێرەى ماددەى شەشى یاساى بنبڕکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەر تۆمەتبارێک بازرگانى بە کەسێکەوە بکات کە تەمەنى لە 18 ساڵ کەمتر بێت و لە رەگەزى مێ بێت، سزاکەى بەندکردنى تاهەتایی و پێبژاردنە کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر و لە 25 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.