مالیکی، خەزعەلی و حیزبوڵڵا لەگەڵ کازمی لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو هێز و لایەنەکانی نێو 'چوارچێوەی هاوئاهەنگی' بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، لە ماڵی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە بەغدا بە بەشداری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار و فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبوونەوە و لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا لە سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە کە، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە بە بەشداری قەیس خەزعەلی، سەرۆکی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی یەکینەکانی حیزبوڵڵای عێراق سازکرا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی و رێککەوتنی هەموو لایەنەکان لەسەر هێورکردنەوە".
'چوارچێوەی هاوئاهەنگی' لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بەو خاڵانە رایگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ پرسی سەرەکی تاوتوێکران، ئەو پرسانەش بە ئامانجکردنی خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکانە، لەگەڵ بەئامانجکردنی ماڵی سەرۆکوەزیران و ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".
بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ بەشداری رەوتی سەدر بەڕێوەچوو، چونکە دەستەی سیاسیی رەوتەکە دڕەنگانی شەوی رابردوو لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە فەیسبووک رایگەیاند: "هیچ نوێنەرێک و لیژنەیەکی دانوستاندنکارمان لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادە نەبوون".
بەپێی راگەیێندراوەکە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی شەوی رابردوو لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن، کە ئەمانەن:
1- سەرکۆنەکردنی تاوانی بە ئامانجکردنی خۆپێشاندەران و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لەو بارەوە، هەروەها لێپرسینەوە لەگەڵ تێوەگلاوان لەو تاوانە.
2- نەفرەتلێکردن و سەرکۆنەکردنی تاوانی بە ئامانجکردنی ماڵی سەرۆکوەزیران و تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، لەگەڵ هاوکاریکردنی تیمی لێکۆڵینەوە لە رێگەی تیمێکی تەکنیکی پسپۆر بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی تاوانەکە و رادەستکردنی بەرپرسان لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە بە دادگا.
3- کەمکردنەوەی گرژی و وەستاندنی هاندان لە راگەیاندن لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە، لەگەڵ نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی تووڕەکردن لە شەقام و نەهێشتنی مەترسی لای خەڵکی، هەروەها بڵاوکردنەوەی پەیامی دڵنیاکردنەوە بۆ رۆڵەکانی گەلی عێراق.
4- گەڕان بۆ چارەیەکی یاسایی بۆ قەیرانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کە ناپیشەیی بوو بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان جارێکی دیکە متمانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، کە متمانەیان زۆر کەم بووە، لەگەڵ بانگهێشتکردن بۆ کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی بۆ تاوتوێکردنی چۆنێتی دۆزینەوەی چارە بۆ ئەو قەیرانە ئاڵۆزە.
5- هەمووان دڵنیاییان دا، کە خەمخۆری ئاشتیی کۆمەڵایەتین و سوورن لەسەر چارەکردنی هەموو کێشەکان بەپێی چوارچێوەی یاسایی و سیاسی کە کاری پێدەکرێت.
شەوی یەکشەممە 7-11-2021 بە سێ فرۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا. دوو لە فڕۆکەکان لە ئاسمان تەقێندرانەوە و یەکێکیشیان ئامانجەکەی پێکا.
دوای هێرشەکە ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو دەستدرێژییە ترسنۆکە کە ماڵی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کردە ئامانج بۆ کوشتنی سەرۆکوەزیران بەئامانجکردنێکی ترسناکی دەوڵەتی عێراقە لە لایەن چەند گرووپێکی چەکداری تاوانکار، کە دانبەخۆداگرتن و پیشەگەری بەرزی هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکانمانیان بە لاوازی خوێندووەتەوە، بۆیە زێدەڕۆییان کردەسەر دەوڵەت و سیمبولەکانی و بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە فەرماندەی گشتی و هێزەکانمان کرد".
لە هێرشەکەدا کازمی سەلامەت بوو، چونکە وەکو لە راگەیاندنەکانی عێراق بڵاوبووەوە بەر لە هێرشەکە ماڵەکەی جێهێشتبوو، بەڵام سێ لە پاسەوانەکانی برینداربوون.
ئەم پێشهاتە دوای رۆژێک هات لە هەڕەشەی هەریەک لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح باڵی سیاسی گرووپەکانی حەشدی شەعبی، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی گرووپی چەکداریی عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەبو ئالائی وەلائی، ئەمینداری گشتیی یەکینەکانی سەیدئەلشوهەدا کە یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە رایانگەیاند: تەقەکردن لە خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە هەینی رابردوو لە بەغدا روویدا بێ سزادان تێناپەڕێت.
چەند بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان کە نەیانویستووە ناویان بهێندرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانییان راگەیاندووە، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەر ماڵی کازمی لانیکەم لەلایەن یەکێک لە گرووپە پاڵپشتیلێکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە کراوە.
ئەو سەرچاوە ئەمنیانەی عێراق ئاشکرایان کردووە، کە: "تەنانەت خودی درۆنەکان و بۆمبەکانیشی ئێرانی بوون و لە ئێران دروستکراون".
بەگوتەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو سەرچاوانەی کە زانیارییان لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە داوە، بریتین لە دوو بەرپرسی ئەمنی عێراقی و سێ سەرچاوەی دیکەی نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراوی ئێران، هەر پێنج سەرچاوەکە ئاشکرایانکردووە هێرشەکە لەلایەن دوو گرووپی نزیک لە ئێرانەوە کراون.
دوو بەرپرسە ئەمنییەکەی عێراق دەڵێن: "هێرشەکە لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، لە هەمانکاتدا کراون". لەکاتێكدا یەکێک لە سێ سەرچاوەکانی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان ئاشکرایکردووە، کەتائیبی حیزبوڵڵا تێکەڵ بە کارەکە بووە و بەڵام بەگوتەی رۆیتەرز، ئەو سەرچاوەیە تێکەڵبوونی عەسائیبی پشتڕاستنەکردووەتەوە و هیچ کام لەو گرووپانە ئامادە نەبووە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدەن.
خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری رابردووەوە لە بەردەم ناوچەی سەوز لە بەغدا کە چەقی دەسەڵات و دامودەزگاکانی حکومەتە لە عێراق مانیان گرتووە، ئەوان داوای بە دەست ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردن یان دووبارەکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەن، پێکدادانەکانی نێوان ئەو خۆپێشاندەرانە و هێزە ئەمنییەکانیش لە هەینی رابردوودا 5/11/2021 دوای بێهیوابوونی ئەو خۆپێشاندەرانە هات لە گۆڕینی ئەنجامەکان لە رێگەی ئەو تانانەی، کە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دراون.
سەبارەت بە قوربانییەکانی ئەو پێکدادانە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەینی رابردوو، رایگەیاند: "دەزگاکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەمڕۆ پێشوازییان لە 125 بریندار کرد کە 98 یان لە هێزە ئەمنییەکانن و 27 یان لە خۆپێشاندەرانن"، بەڵام لایەنگرانی هاوپەیمانی فەتح دەڵێن چوار خۆپێشاندەر لەو پێکدادانەی نزیکی ناوچەی سەوز کوژراون.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ هاوپەیمانیی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنە تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، بۆیە لایەنە بەشدارەکانی نێو هاوپەیمانیی فەتح زۆر ناڕازین لە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە.