دادنووسێک لە دیالە بریکارنامەى بۆ مردوو دەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
دادنووسێک لە دیالە دادگایی کرا بە تۆمەتى ئەوەی ساختەکاری کردووە و بریکارنامەى بۆ کەسانێک کردووە کە مردوون.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لەراگەیێندراوێکدا سزادانى ئەو کەسەى بڵاوکردەوە کە دادنووسى ناحیەى خان بەنى سەعد بووە لە سنوورى قەزاى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە.
ئەو دادنووسە بە دوو ساڵ بەندکردن سزادراوە و هەموو ساختەکارییەکانى لە ساڵى 2023 کردووە.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رایگەیاندووە، ئەو کەسە بە رێککەوتن لەگەڵ کەسێکى دیکە، بریکارنامەى ساختەى بۆ کەسانێک دەرکردووە کە مردوون یان بەندکراون یان لە دەرەوەى وڵات بوون.
سزادانى ئەو دادنووسە بەگوێرەى مادەى 132ى یاسای سزادانى عێراق و مادەى 160 لە بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى ساڵى 1983 بووە، کە تایبەتە بە ساختەکاریى لە نووسراوى فەرمى و خراپ بەکارهێنانى پلە و پۆستى فەرمى.