هەر زیارەتکارێکی چلەی ئیمام حوسێن نزیکەی شەش کیلۆگرام خاشاکی هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
ژینگەپارێزان زیاتر لە 15 رۆژە بە سێ شیفت سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی پاشماوەی خۆڵ و خاشاکی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێنن لە کەربەلا؛ هەر زیارەتکارێک تێکڕا 5 کلیۆ و 632 گرام خۆڵ و خاشاکی هەبووە.
حەسەن شەریفی، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەربەلا دەڵێ "لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پلانی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکدا، 3 هەزار و 700 تۆن خاشاک هەڵگیرایەوە، ئەمڕۆ گەیشتە لووتکە و زیاتر لە 13 هەزار و 800 تۆن بوو. بەم شێوەیەش ژمارەی کۆتایی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکە کەڵەکەبووەکە کە لابراوە لەسەرەتای پلانەکەوە زیاتر لە 124 هەزار تۆن بووە".
حوسێن کوڕى عەلى، سێیەم ئیمامى شیعەکانە، ساڵانە شیعەکانی جیهان لە چلەى کوژرانیدا سەردانی مەزارگەکەی لە کەربەلا دەکەن.
بەگوێرەى ئامارێکى عەتەبەى عەباسییە لە کەربەلا، 22 ملیۆن و 16 هەزار و 146 زیارەتکار سەردانى کەربەلایان کردووە؛ ئەو ژمارەیە لە 17ـی ئابی ئەمساڵەوە تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆى 5ـی ئەیلوول هەژمارکراوە.
زۆربەی زیارەتکاران لە شەقام و شۆستەکانی شارەکە دەمانەوە، تاوەکو زووتر بگەنە مەزارەکانی ئیمام حوسێن و ئیمام عەباسی برای.
حەسەن شەریفی، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەربەلا گوتی "لە ماوەی زیارەتی چلەدا لە 7ـی مانگی سەفەرەوە، لەوپەڕی ئامادەباشیدا بووین. زیاتر لە 4 هەزار کارمەندی پاککردنەوە لەکاردا بوون؛ زیاتر لە هەزار و 250 زبڵدانی گەورە بەسەر دەستە و کەژاوەکانی حوسێن دابەشکران بۆ کارئاسانیی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک."
ژمارەى زیارەتکارانى ئەمساڵ، بەگوێرەى عەتەبەى عەباسییە، دوو ئەوەندەى ژمارەى زیارەتکارانى ساڵى 2016 بوو، کە ئەوکات 11 ملیۆن و 210 هەزار 367 کەس بوون.