لە ئەنبار 12 فەرماندەى ئەمنی بۆ ماوەی مانگێک رادەگیرێن

دیمەنێکی پۆلیسی ئەنبار. وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئەنبار
رووداو دیجیتاڵ
 
بە فەرمانى وەزیرى ناوخۆی عێراق 12 فەرماندەى فەوجى پۆلیسی فریاکەوتنی ئەنبار بۆ ماوەى 30 رۆژ رادەگیرێن. سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاکە دەڵێت، راگرتنەکە بۆ پێداچوونەوەیە.
 
بەگوێرەى فەرمانێکى عادل حامد رەشید، فەرماندەى پۆلیسی ئەنبار کە لە 7ى ئاب دەرکراوە، بە پشتبەستن بە فەرمانێکی وەزیرى ناوخۆ، بڕیارى راگرتنى 12 فەرماندەى فەوجى پۆلیسی فریاکەوتنی شارەکە دراوە کە پلەکانیان عەقید و عەمیدە.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، ئەو 12 ئەفسەرە بەتۆمەتى کەمتەرخەمی لەو کارانەی پێیان سپێردراوە بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگیرێن.
 
سەعد غازى محەممەدى، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو 12 ئەفسەرە بۆ ماوەى مانگێک رادەگیرێن لەپێناو پێداچوونەوە بە سەرکردایەتى پۆلیس، پێداچوونەوە بە ستراتیژیى کارکردن و شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ فەرماندەى فەوجەکان و زانینى ئاستى شایستەییان، بەر لە چوونەدەرەوەى سوپا لە شارەکە بۆ ئەوەی بتوانن هەر بۆشاییەک هەبێت چارسەرى بکەن.
 
ئەو ئەفسەرانە فەرماندەى فەوجەکانى یەک تاوەکو چواردەی پۆلیسی فریاکەوتنن، جگە لە فەرماندەیى فەوجەکانى نۆ و دوو.
 
سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار گوتى، "ئەو نووسراوەى دەرکراوە تەنیا فەرمانێکى کارگێڕییە و ئەو ئەفسەرانە تۆمەتیان ئاڕاستە نەکراوە".