ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لیژنەى کاروباری حەشدى شەعبی کارا دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین لیژنەی کاروباری حەشدی شەعبی کارا دەکاتەوە و توركمانێکى شیعە دەبێتە سەرۆکى.
کارا کردنەوەى ئەو لیژنەیە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بوو کە ئەمڕۆ سێشەممە 9ى تەممووز کرا.
یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لیژنەکە پێشتر هەبوو و ئەمڕۆ کارا کرایەوە. ئەو لیژنەیە لە خوولى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدیندا دەنگى لەسەر درابوو. بوونى ئەو لیژنەیە لەبەر ئەوەیە هێزى حەشدی شەعبی لە ناوچەکانى دەوروبەرى پارێزگاکەدا هەن."
عاتف نەجار کراوە بە سەرۆکى لیژنەى کاروباری حەشدی شەعبی کە ئەندامى لیستی چوارچێوەى نیشتمانی شیعەکانە. یاسین داوودى دەڵێت، "عاتف تورکمانێکى شیعەى خەڵکى قەزاى خورماتووە."
لیژنەکە کاتى دەبێت و چاودێریى دۆخى هێزەکانى حەشدی شەعبی لە سنوورى سەلاحەدین دەکات.
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاکە رایگەیاند، "هێشتا ئەندامانى لیژنەى کاروباری حەشدی شەعبی و لیژنەکانى دیکە دیاری نەکراون و تەنیا سەرۆکیان هەیە. ماوەیەکى دیکە ئەندامانی هەموو لیژنەکان دیاری دەکرێن."