جووتیارانى کورد چوار پێشنیاز دەدەنە لیژنەیەکى حکومەتى عێراق
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکى حکومەتى عێراق و نوێنەرى جووتیارانى کەرکووک دووەم کۆبوونەوەیان بۆ چارەسەرى کێشەى زەوییە کشتوکاڵییەکان کرد و نوێنەرى جووتیارانى کورد چوار پێشنیازیان پێدان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـى حوزەیرانى 2024، دووەم کۆبوونەوەى لیژنەى وەزارەتى حکومەتی عێراق لەگەڵ جووتیارانى کەرکووک لە بەغدا بۆ چارەسەرى کێشەى زەویی جووتیارانى کورد و تورکمان لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان کرا.
محەممەد ئەمین، نوێنەرێکى جووتیارانى کورد لە گوندەکانى ناحیەى سەرگەڕان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لەو کۆبوونەوەیەدا لیژنەکە لەگەڵ نوێنەرى جووتیارانى عەرەب و کورد و تورکمان و چەند ناوچەیەکى کەرکووک دانیشتن و گوێیان لە پێشنیازەکان گرت. ئێمە وەک کورد چوار پێشنیازمان کرد."
پێشنیازەکان بریتى بوون لە هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕش بۆ داگیرکردنى زەویى جووتیارانى کورد. کاراکردنەوەى گرێبەستە کشتوکاڵییەکانى 1970 بۆ 1975ى زەویى کورد. جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 29ـى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ گەڕاندنەوەى گرێبەستى کشتوکاڵى بۆ جووتیارانی کورد و قەرەبووکردنەوەى عەرەبە هاوردەکان لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە.
نوێنەرى جووتیارانى گوندەکانى سەرگەڕان رایگەیاند: "لیژنەکە گوێیان لە پێشنیازەکان گرتووە و یەکەمجار بوو لیژنەکە بەجیا لەگەڵ نوێنەرى جووتیارانى ناوچە جیاوازەکانى کەرکووک گفتوگۆ بکات".
لیژنەکەى حکومەت لە نوێنەرى حەوت وەزارەت پێکهاتووە، یەکەم کۆبوونەوەى لە 21ـى ئایار لەگەڵ نوێنەرى جووتیارانى کەرکووک کرد کە قەزاى داقووق، ناحیەکانى لەیلان، دووبز و سەرگەڕانى گرتووەتەوە.
محەممەد ئەمین گوتى: "لیژنەکە کۆبوونەوەیەکى دیکە لەگەڵ نوێنەرى جووتیاران دەکات بەر لەوەى راسپاردەى خۆى لەبارەى چارەسەرى کێشەى زەویی جووتیاران لە کەرکووک بۆ حکومەت ئامادە بکات."
15ـى ئایار لیژنەیەک لە بەغداوە سەردانى کەرکووکى کرد بۆ چارەسەرى کێشەى زەوییە کشتوکاڵییەکان. رێککەوتن جووتیارانى کورد دروێنەى گەنمەکەیان بکەن و لە شەش مانگدا کێشەى مۆڵکدارى و قەرەبووکردنەوەى زەوییەکان یەکلا بکرێتەوە.