خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمیسیۆنی عێراق کرا
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژە یاسایەک بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان درایە پەرلەمانى عێراق و داوا کراوە تەمەنی بۆ شەش مانگ درێژبکرێتەوە. ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەمى بۆ کرا.
پڕۆژەیاساکە بۆ هەموارکردنەوەی یاسایێکە؛ پڕۆژەى هەموارەکە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، ویلایەتى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى بە 60 مانگ دیاریکردووە و دەبێت کۆمیسیۆن هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببات.
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە کرا و کۆبوونەوەکە هەڵگیرا و پشووى پەرلەمان دەستیپێکرد."
22ى تشرینى دووەمى 2023، پەرلەمانى عێراق بڕگەیەکى مادەى 7ى یاساى کۆمیسیۆنى هەموار کرد و تەمەنى کردە 54 مانگ لە رۆژى دەستبەکاربوونیانەوە لە 7ى کانوونى دووەمى 2020. بە گۆڕینى بۆ 60 مانگ، تەمەنى ئەو ئەنجوومەنە شەش مانگ درێژ دەبێتەوە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پڕۆژەى هەموارەکە لەلایەن لێژنەکەیەوە پێشکێشکراوە."
لە هەموارەکەدا هاتووە: "حکومەتى فیدراڵى پابەندە بە دابینکردنى تێچووى دارایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ئەو هەموارەش لە رۆژى دەرچوونى یاساکەیەوە لە پەرلەمان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە."
دارا سێکانیانى ئاماژەى بەوەشدا کە خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى پڕۆژەیاساکە پێنج رۆژى پێدەچێت: "کارى ئەم وەرزەى یاسادانانى پەرلەمان ئەمڕۆ (9ى ئایار) کۆتایی دێت و دەچینە پشووەوە."
تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە 7ى تەممووز کۆتایی دێت، 10ى حوزەیران دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەڵام بە بڕیارێکى دادگەى فیدراڵى رێوشوێنەکانیان بۆ ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە راگیراوە.
راگرتنى رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆن وادەکات ئەنجوومەنەکەى نزیک ببێتەوە لە کۆتاییهاتنى تەمەنى و رێگر بێت لەوەى کە سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات ئەگەر تەمەنى درێژنەکرێتەوە.