سکاڵاى سێ پەرلەمانتارى شیعە لە دژی شەعلان کرەیم رەتکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى رەتکردەوە کە لە لایەن سێ پەرلەمانتاری شیعە لە دژی شەعلان کرەیم، بەربژێرى پێشووى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکرابوو. سێ پەرلەمانتارەکە داوایان کردبوو ئەندامیێتیی لە کرەیم وەربگیرێتەوە.
چوارشەممە کۆتا دانیشتنى دادگە بوو لەسەر ئەو سکاڵایە، کە لە دژى شەعلان کرەیم، ئەندامى سوننەى پەرلەمانى عێراق تۆمارکرابوو، بۆ ئەوەى مافى ئەندامێتیى پەرلەمانى لێ وەربگیرێتەوە بە پاساوى ئەوەى یاسای لێپرسینەوە و دادوەرى دەیگرێتەوە.
لە بڕیارى دادگەکەدا هاتووە، ئەو سکاڵایە رەتکراوەتەوە بەهۆى ئەوەى پاساوێک نەبووە بۆئەوەى ئەندامێتیى پەرلەمان لە شەعلان کرەیم وەربگیرێتەوە و ئەندامێتییەکەى "دروستە".
سکاڵاکە لەلایەن یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی و حوسێن موئنیس تۆمارکرابوو، کە سێ پەرلەمانتارى شیعەن. پاساوى سکاڵاکە ئەوەبوو گوایە لە تۆمارێکى ڤیدیۆییدا شەعلان کرەیم ستایشى سەدام حوسێن دەکات.
شەعلان کرەیم، بەربژێرى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بوو لە پشکی پارتى تەقەدووم، بەڵام لە 18ـى نیسان لە بەربژێرى و ئەندامێتیى حیزبەکەشی کشایەوە.
ئەو پەرلەمانتارە سوننەیە لە کۆبوونەوەى 14ـى کانوونى دووەمى پەرلەمان زۆرترین دەنگى گەڕى یەکەمى هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمانى بەدەستهێنا، کە هەر یەک لە سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى رکابەرییان دەکرد.
شەعلان کرەیم لە راگەیێندراوێکدا سوپاسى دادگەى باڵاى فیدراڵى کردووە بۆ رەتکردنەوەى سکاڵاکە و دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە کارى سیاسی و پەرلەمانتارى لە سایەى ئەو دۆخەى، کە ئێستا گۆڕەپانى سیاسى تێدایە".