لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە برازای پەرلەمانتارێکی عێراق خزمێکی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەرەتەپە، لە سنووری پارێزگای دیالە رایگەیاند لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا "لە ئەنجامی دەمەقاڵێ لەنێوان دوو گەنج، لە دێی کەشکەولی قەرەتەپە گەنجێک کوژرا".
برایم عەلی ئاغا، لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەرەتەپە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ لە دێی کەشکەولی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە کوڕێکی گەنج بە دەمانچە لەلایەن برازای ئەندام پەرلەمانێکی عێراقەوە کوژرا".
بە گوتەی برایم عەلی ئاغا "رووداوەکە لەدوای دەمەقاڵێیەکی نێوان ئەو دوو گەنجە روویداوە، کە بکوژەکە برازای (ا. م. ج) پەرلەمانتارێکی عێراقە، کوژراوەکەش هەر خزمی ئەوانە".
لێپرسراوی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتی باسی لەوە کرد لەدوای رووداوەکە "کێشە لەنێوان ئەندامانی خێزانی هەردوولا روویداوە، هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەی رووداوەکە، بکوژەکە رادەستی پۆلیسی قەرەتەپە کراوە".
برایم عەلی ئاغا ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی ئەوەی لە شەودا دۆخی ئەمنی لە ناوچەکە لەبارنییە بچنە سەر گۆڕستان، بۆیە تەرمەکەی لە ماڵەوەیان لە دێیەکەیە و بڕیارە سبەی بەخاک بسپێردرێت".