رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمان بە دەستەى دەستپاکی دەکات لێکۆڵینەوە لە سەرپێچى دارایی و یاسایی و کارگێڕیى دەستپێشخەریى پێشینەى کشتوکاڵى بکات و هەر فەرمانبەرێک رۆڵی تێیدا هەبووێت، نابێت هیچ پۆستێکى کارگێڕی وەربگرێت و بدرێتە دادگە. بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى کشتوکاڵى پەرلەمان، هەندێک لەو پڕۆژانەى قەرزیان بۆ وەرگیراوە وەهمین.
ئەو بڕیارەى محەممەد شیاع سوودانى لە راگەیێندراوێکدا بوو، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـى شوباتى 2025، نووسینگە رۆژنامەڤانییەکەی بڵاوی کردەوە. سوودانى داواى لە دەستەى دەستپاکى کردووە، لێکۆڵینەوەکانى تایبەت بە دۆسیەى سەرپێچییە یاسایی و کارگێڕیى و داراییەکانى خەرجکردنى "پێشینەى کشتوکاڵى و پاڵپشتى کشتوکاڵ" یەکلا بکەنەوە، کە لە چوارچێوەى کارى وەزارەتى کشتوکاڵدایە.
ئەو دەستپێشخەرییە ساڵى 2008 دەستیپێکرد، بە گوێرەى چەند پێوەرێک لەڕێگەى بانکى کشتوکاڵییەوە قەرز دەدرێتە ئەو کەسانەى لە کەرتى چاندن و پەلەوەر و ئاژەڵدارى کار دەکەن، بۆ ئەوەى پڕۆژەى پێ جێبەجێ بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سائیر جبوورى، ئەندامى لیژنەى کشتوکاڵى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەشێک لەو سەرپێچییانە تایبەتن بەوەى قەرز وەرگیراوە بە ناوى پڕۆژەى کشتوکاڵى یان پەلەوەر یان ئاژەڵدارى، بەڵام پڕۆەژەکان وەهمى بوون و جێبەجێ نەکراون".
سەرۆکوەزیرانى عێراق داوایکردووە ئەو بەرپرسانە سزا بدرێن کە سەرپیێچییان لە چوارچێوەى ئەو دەستپێشخەرییە کردووە و بدرێنە دادگە و ئەو پارانەیان لێ وەربگیرێتەوە کە بەهەدەر دراون: "هەر فەرمانبەرێک تێوەگلابێت، نابێت داهاتوودا هیچ پۆستێکى کارگێڕیی پێبدرێت."
قەرزى پڕۆژەکان لەڕێگەى بانکى کشتوکاڵیى هاریکاریى عێراقەوە دەدرێن، دواى ئەوەى خاوەنى پڕۆژە لەڕێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنیى ئوور زانیارى و بەڵگەنامەى پێویست پێشکێش دەکات، کە یەکێک لە مەرجەکانى پڕکردنەوەى بەڵێننامەیە بۆ ئەوەى پڕۆژەکەى تەواو دەکات.
سائیر جبوورى گوتى: "پارەى قەرزى ئەو دەستپێخەرییە کە دەدرێتە پڕۆژەیەک، دەگاتە نزیکەى 10 ملیار دینار، هەندێک لەو کەسانەى قەرزیان بەبڕى چوار بۆ پێنج ملیار دینار وەرگرتووە، خانوییەکیان وەکو کەفیلى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە پێشکێش کردووە کە نرخەکەى زۆر کەمترە لەو پارەیە و دەستى بەسەردا گیراوە و خانووەکەیان کردووەتە قوربانى نەدانەوەى قەرزەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ